کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەورووپا: دیدگایەکی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو دادەڕێژرێت
کۆنفرانسی جینۆلۆژیای ئەورووپا بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ نوێنەر لە ١٠ وڵات لە هۆڵەندا دەستی پێکرد، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ١٠ ساڵ و دیاریکردنی ڕێڕەوی کاری داهاتوو.
ناوەندی هەواڵ – کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەوروپا، کە ئامانجی هەڵسەنگاندنی ١٠ ساڵ کاری ژنۆلۆژی لە ئەوروپایە، لە شاری هالین لە هۆڵەندا دەستی پێکرد.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە بە دروشمی «بە ژنۆلۆژی بەرەو بنیاتنانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئازاد» بەڕێوەدەچێت، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و مۆدێلی ڕێکخستنی ئەم زانستە لە قۆناغی نوێدا تاوتوێ دەکرێت.
زیاتر لە ١٠٠ نوێنەر بەشدارییان کرد
زیاتر لە ١٠٠ نوێنەر لە سویسرا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئیرلەندا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
دوای پێشکەشکردنی گۆرانی لەلایەن هونەرمەند سۆسین و نمایشێک بۆ پشتگیری ژنان، کۆنفرانسەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی خەباتی ئازادی دەستی پێکرد. دواتر ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ئەلیف کایا، وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەلیف کایا لە سەرەتای وتارەکەیدا سڵاوی لە بەشداربووان کرد و ئاماژەی بە مێژووی ١٨ ساڵەی ژنۆلۆژی کرد و گوتی:
«ئێستا لە ساتێکی مێژووییداین. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە، کە ڕێبەر ئاپۆ پێناسەی ژنۆلۆژیی کرد، ١٨ ساڵ تێپەڕیوە. ئەمڕۆ لێرە یەکەمین کۆنفرانسی خۆمان لە ئاستی ئەوروپادا بەڕێوەدەبەین، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ژنۆلۆژی بکەین.»
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ژنۆلۆژی، وەک چرایەکی ڕاستی، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لەلایەن ژنان، گەلان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کراوە و خەڵکی خاوەندارێتییان لێ کردووە.
ئەلیف کایا وتی: کارەکانی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا گەیشتوونەتە ئاستێکی گرنگ و ئێستا لە حەوت وڵاتدا ڕێکخراون، هەروەها لە چەندین وڵاتی دیکەش دەرفەتی دەستپێکردنی کاری نوێیان ڕەخساندووە. بە گوتەی ئەو، ئەم کارانە زەمینەیان بۆ چەندین بوار و شێوازی جیاوازی ڕێکخستن خۆش کردووە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «بێگومان ١٨ ساڵ بۆ پەرەپێدانی زانستێک ماوەیەکی کەمە؛ بەڵام کاتێک دەگەڕێینەوە و هەڵسەنگاندن بۆی دەکەین،
دەبینین ماوەیەکی درێژە. ئەم ماوەیە هەمان کات بە نرخێکی گران تێپەڕیوە.»
ڕۆڵی ژنە پێشەنگەکان
ئەلیف کایا ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنە پێشەنگەکان کرد کە بە خەباتی خۆیان کاریگەرییان لەسەر پەرەپێدانی ژنۆلۆژی جێهێشتووە. ئەو دەستەواژەی خۆی بە یادکردنەوەی ناوی ساکینە جانسز، لەیلا ئاگری، ناهیگان ئاکارسەل، مالدا کۆسا، ئارارات باوەر، هێلین موراد، ئیسیان ئارمانج، لەگەڕین چیا (ئالینا سانچێز)، هێلین کاراچۆکس (ئانا کامپبێڵ) و هاوڕێ شەهیدەکانی دیکە درێژە پێدا و گوتی ئەوان میراتێکی بەهێزیان بەجێهێشتووە.
ئەو وتی:
«ژنۆلۆژی بناغەی خۆی لەو نەریتی خەباتەوە وەردەگرێت. لە ڕێباز و زانستی ژنۆلۆژیدا خۆشەویستیی ئەم هاوڕێیانە بۆ ئازادی، هیوایان، بوێرییان و شوێنەواری داهێنەرانەیان دەبینین. ژنۆلۆژی لەگەڵ ئەم نەریتە یەکگرتووە، بەم شێوەیە خۆی ڕێکخستووە و بووەتە دامەزراوە.»
ئەلیف کایا هەروەها ئاماژەی بە کورسییەکی بەتاڵ لە کۆنفرانسەکەدا کرد و وتی بیر و خەباتی ژنە پێشەنگەکانی کە ژیانیان لەدەست داوە، هێشتا لە ناو کارەکانی ژنۆلۆژیدا بەردەوامە.
ئەو وتی: «ئێستا لەسەر ئەم کورسییە بەتاڵە تەنها وێنەکانیان نییە؛ بەڵکو بە بیر، کردار، خەیاڵ و هیوای خۆیان لەگەڵ ئێمەدا بەشداری لە گفتوگۆکان دەکەن، بۆ دروستکردنی دیدگایەکی نوێ بۆ ژنۆلۆژی. ئەمە بە قووڵی هەستی پێ دەکەم.»
ئەلیف کایا لەبارەی واتای ئەو بەشدارییەی ژنە پێشەنگەکان لە ژنۆلۆژییاندا کردووە، وتی: «ئەوان ڕۆحیان بە ژنۆلۆژی بەخشیوە. لەم ڕووەوە، ژنۆلۆژی واتای مانابەخشین و تێگەیشتنیش دەگەیەنێت؛ واتە دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و ئاگایانە لەگەڵ نەریت.»
«بە شێوەیەکی پێویست باس لە کێشەکانی ژنانی کۆچبەرمان نەکردووە»
ئەلیف کایا، جگە لە باسکردنی ئاستی ئێستای کارەکانی ژنۆلۆژی، ئاماژەی بەو لایەنانەش کرد کە هێشتا کەموکوڕییان تێدایە.
ئەو وتی تا ئێستا توانایەکی کاریی بەس بۆ ئەوە پەرەی نەسەندووە کە هەر ژنێک بتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە، لێکۆڵینەوەی خۆی بەهێز بکات و وەڵامی پرسیارەکانی بدۆزێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەکانی ژنانی کۆچبەر وەک بابەتێکی سەرەکی نەخراونەتە ڕوو.
ئەو وتی: «لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە ئامانجمان ئەوەیە لایەنە کەموکوڕەکانمان ئاشکرا بکەین و بە هاوبەشی دیدگای قۆناغی نوێ دروست بکەین.»
«دیدگای کاری خۆمان بۆ قۆناغی نوێ دیاری دەکەین»
ئەلیف کایا ڕایگەیاند کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە دیاریکردنی مۆدێلی ڕێکخستنی ژنۆلۆژی و دیاریکردنی دیدگای کاری قۆناغی نوێیە. هەروەها جەختی لە گرنگی گفتوگۆکان کردەوە کە لە وۆرکشۆپەکاندا ئەنجام دەدرێن.
ئەو ڕوونی کردەوە کە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسەکە بە هاوبەشی و بە هەوڵی بوارە جیاوازەکان ئەنجام دراون و وتی:
«لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنەکانی ژنان، کۆمیتەی دامەزراندنی بوارە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاگەیاندن، ADM، ئەکادیمیای زانستی کۆمەڵایەتی، کارەکانی کۆنفیدراڵیزمی ژنان، پەیوەندییە دەرەکییەکان و بوارەکانی هاوپەیوەندیی دیموکراتیک لە گفتوگۆکانی ئامادەکاریدا بەشدار بوون.»
ئەلیف کایا وتی ڕەخنەکان، بۆچوونەکان و پێشنیارەکان هەڵسەنگێندراون و چەندین هاوڕێ بەرپرسیاریەتیی بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپەکانیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەو بە ناوی کۆئۆردیناسیۆنی ژنۆلۆژی سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بەشدارییان لەم کارەدا کردووە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئەو ئاماژەی بە سنووردارکردنی ژمارەی بەشداربووان کرد و وتی:
«بەهۆی بارودۆخەکانەوە ناچار بووین ژمارەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە سنووردار بکەین. نەمانتوانی زۆرێک لە هاوڕێیان بانگهێشت بکەین کە ویستیان بەشداری بکەن و لەم خەباتەدا ماندووبوون. ژنۆلۆژی کارێکە کە هەر ژنێکی بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت، بە دڵ و هۆشی خۆی هەستی پێ دەکات و هەوڵ دەدات تێی بگات. هیوادارم لە داهاتوودا بە چالاکییە جیاوازەکان دەرفەتی زیاتر بۆ یەکگرتن و کارکردن لەگەڵ هاوڕێیانمان بەدەست بهێنین.»
دواتر پەیامی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە بۆ کۆنفرانسەکە نێردرابوو، خوێندرایەوە. لە دوای پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش، پەیامی ئەنجومەنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی PAJK خوێندرایەوە.
PAJK: تەنها بە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسیی دروست دەتوانرێت ئامانجە سیاسییەکان بەدەست بهێنرێن
ئەنجومەنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی PAJK لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنفرانسی ژنۆلۆژیای ئەوروپا، هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ١١ ساڵ کاری ژنۆلۆژی کرد و ئاماژەی بە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی قۆناغی نوێ کرد.
ئەنجومەنەکە ڕوونی کردەوە کە ژنۆلۆژی پشت بە ئەزموونی مێژوویی خەباتی بزوتنەوەی ئازادیی ژنان دەبەستێت و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کارەکان لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادیی ژنان پەرە پێ بدرێن.
لە پەیامەکەدا هاتووە:
«هەر کەس، دامەزراوە، ڕێکخراو و پێکهاتەیەک کە بە ئامانجی شۆڕش و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی کار دەکات، تەنها بە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسیی دروست دەتوانێت بگاتە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی.»
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە لە قۆناغی ئێستای کاری ژنۆلۆژیدا پێویستی بە مۆدێلێکی نوێی ڕێکخستن هەیە. هەروەها گرنگیی گواستنەوە لە پێکهاتەی کۆمیتەیی بۆ مۆدێلی ئەکادیمی خراوەتە ڕوو.
ئەنجومەنەکە داوای کرد کە لێکۆڵینەوە، پەروەردە، کارە نووسراوەکان و چالاکییە ئەکادیمییەکان لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا ڕێکبخرێن و ئەکادیمیایەک دروست بکرێت کە شایستەی زانستی شۆڕشی ژنان بێت.
هەروەها لە پەیامەکەدا جەخت لە گرنگیی کۆئۆردیناسیۆن لەنێوان دامەزراوەکان و پلاندانانی هاوبەش کرایەوە و ئاماژە بەوە کرا کە نابێت ئەرک و ڕۆڵەکان تێکەڵ ببن.
«بەهێزنەکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ژنانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەموکوڕییەکی گەورەیە»
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە کارەکانی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا کاریگەرییەکی گرنگیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست کردووە؛ بەڵام بەهێزنەکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ژنانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەموکوڕییەکی گەورەیە.
کۆمیتەکە لە پەیامەکەیدا وتی:
«لە گەیشتن و چوونە ناو زەمینەی کۆمەڵایەتیی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە دۆخێکداین کە پێویستە ڕەخنە لە خۆمان بگرین.»
لە پەیامەکەدا هەروەها باس لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەوروپا کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە کارەکان لەو ڕوانگەیە تێپەڕ بن کە تەنها پشتگیریی خەبات لە کوردستان دەکات.
بەپێی پەیامەکە، گرنگە ژنۆلۆژی لەسەر زەمینەی کۆمەڵایەتیی خۆی ڕێکبخرێت و بتوانێت وەڵامی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە بداتەوە.
لە پەیامەکەدا هەروەها توندوتیژی دژی ژنان، تەڵەی تۆڕی سێکس و ماددە هۆشبەرەکان بۆ گەنجان، هەروەها کاریگەریی نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی هەڵسەنگێندراون. جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە کارەکانی ژنۆلۆژی وەڵامی ئەم هەموو کێشانە بدەنەوە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە پەروەردە، لێکۆڵینەوە و کەمپەکانی ژنۆلۆژی دەبێت ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بەهێز بکەن. لەم بارەیەوە لە پەیامەکەدا هاتووە:
«کاتێک دیدگا، مۆدێلی ڕێکخستن و پلاندانانی ژنۆلۆژی دیاری دەکرێن، گرنگترین ئەرک پاراستن و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە.»
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئاگاداری درا کە نابێت چەمکی ژنۆلۆژی لە ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی ببڕدرێت و ناوەڕۆکەکەی بشێوێندرێت.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە ژنۆلۆژی پشت بە ئەزموونی خەباتی بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان دەبەستێت و بانگەواز کرا کە ئەم ئەزموونە بە دیدگایەکی ستراتیژی هاوبەش بکرێت و پەرەی پێ بدرێت.