کۆنفرانسی ژنانی لوبنان بە دروشمی "لە دژواریدا گۆڕانکاری دروستدەبێت" بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ، ٧ی ئابی ٢٠٢١ بە دروشمی "لە دژواریدا گۆڕانکاری دروستدەبێت" کۆنفرانسی فێمێنیستی لوبنان بە پشتیوانی کەمپەینی جیهانی خوێندن و کەمپەینی عەرەبی پەروەردە بۆ هەمووان بەڕێوەچوو.
کارۆلین بوزی
بەیروت- لە کۆنفرانسەکەدا بە ناونیشانی "بیرۆکەی فێمینیستی، خوێندنەوەی رەخنەگرانە"، دکتۆر ماغی عەبید باسی لە گۆڕانکاری لە ڕۆڵی ژنان کرد لە نێوان مێژوو و جیهانی سەردەمدا، هەروەها سێ شێوازی بۆ ئەو گۆڕانکارییە دیارکرد، لەوبارەیەوە وتی: بزوتنەوەی لیبراڵ، بزوتنەوەی مارکسی - سۆسیالیستی کە باوەڕی بە ڕزگاری ژنان لە کار و بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام ڕۆڵی ژنان لە خێزاندا هەڵوەشاندەوە، سێیەمیان، بزووتنەوەی ڕادیکاڵە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی نێر و یەکسانی دەکات،
هاوکات ماغی عەبید دەبینێت کە سیستەمی پیاوسالاری لە ناو ئەمریکادا تایبەتمەندی ژنانی لەناو بردووە، دەپرسێت سیستەمی پیاوسالاری چۆن دەبێت لە جیهانی عەرەبیدا؟.

حەنان عوسمان، سەرۆکی کۆمەڵەی نەورۆزی کلتوری و کۆمەڵایەتی کوردانی لوبنان و ئەندامی کەمپەینی عەرەبی بۆ پەروەردەی مەزنان، دەربارەی کۆنفرانسەکە وتی: لە کۆنفرانسەکەدا تیشک کرایە سەر ئەو بارودۆخ و دژوارییانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی لوبنان دەبێتەوە، بەتایبەت لەسەر پرسی تاکەکەسی و یاسا مەدەنییەکان، ئەمە جگە لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان لە کۆمەڵگای لوبناندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

کۆنفرانسەکە بەردەوامی هەیە
لە کۆنفرانسەکەدا لەسەر چوار بابەت گفتوگۆ دەکرێت، لەوانە، یاساکانی باری کەسێتی و کاریگەریان لەسەر ژنان، ئەو یاسایەی کە توندوتیژی خێزانی بە تاوان لە بەرچاو گرتووە، ئەولەوییەتی خوێندنی کچان لە ڕوانگەی پەروەردەی جێندەری و ڕۆڵی ژنان لە بڕیاردان و وێنەیان لە ڕاگەیاندندا.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پێشنیار و بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی ژنان ئاشکرا دەکرێت و کۆبوونەوەی هاوپەیمانی پەروەردەی لوبنان هەڵدەسەنگێنرێت.
ت.پ