کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی" لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی" لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت، تێیدا کەسایەتی، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی هەردوو پێکهاتەی کوردانی فەیلی و ئیزدییەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانانی مەدەنیی بەشدارن.
بەغدا
ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی" کە لەلایەن کوردانی فەیلی و ئیزدییەکانەوە ڕیکخراوە، دەستیپێکرد و وتاری دەستپێک لەلایەن یاسین باپیر، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەوە پێشکەشکرا و باسی لە گرنگی بەستنی کۆنفرانس و گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی و ڕەوشی کوردانی فەیلی و ئێزدی لە عێراقدا کرد، " پێکەوەژیانی ئەمڕۆمان وایکردووە کە ئەم کۆنفرانسە پێکبێت، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە، وە بەیەکڕیزیی و یەکدەنگیی تێبکۆشین، بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی و پێکەوەژیان لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکانی عێراقدا".
لە کۆنفرانسەکەدا کەسایەتی، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی هەردوو پێکهاتەی کوردانی فەیلی و ئیزدییەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانانی مەدەنیی بەشدارن، وتاری هەریەک لە بەرەی فەیلی، پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدیی، وتاری ژنانی ئێزدیی و ژنانی فەیلیی پێشکەشکرا.
"بە یەکگرتنی ژنان ئێزدیی و فەیلیی، ژیانێکی ئازاد بەرجەستە دەکەین"
وتاری ژنانی فەیلیی لەلایەن نیبراز ئەحمەد، چالاکوانی فەیلییەوە پێشکەشکرا و تێیدا باسی لە نەماهەتییەکانی ژنانی فەیلیی کرد و وتی: پێویستە کار لەسەر دۆسیەی فەیلی بکرێت و حکومەتی عێراقیی کەیسی فەیلی وەک جینۆساید بناسێنێت، لەپێناو دەستەبەکردنی مافەکانی ژنانی فەیلیی و سەرجەم پێکهاتەی فەیلیی لە عێراق.
وتاری ژنانی ئێزدییش لەلایەن سوهام دەخیل، وتەبێژی تاژێ-وە پێشکەشکرا و تێیدا هاتبوو: ژنانی ئێزدیی مێژوویەکی دێرینیان هەیە لە بەرگرییکردن، بەدەیان ژنی ئێزدیی ڕۆڵی سەرکردایەتییکردنیان بینوە لە چەندین شەڕدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە بەزاندنی دووژمنان و بەرزکردنەوەی ورەی بەرگریی و تێکۆشان، بۆیە بە یەکگرتنی ژنانی ئێزدیی و فەیلیی، ژیانێکی ئازاد بەرجەستە دەکەین، بەڵێن دەدەین کە تێکۆشان بکەین لەپێناو ئازادکردنی تەواوی ژنانی تائێستا لای چەتەکانی داعش ماونەتەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا دوو پانێڵ بەڕێوەدەچێت
ژمارەیەک ڕێکخراو و دامەزراوەی نێودەوڵەتیی و ئێزدی لە ئەوروپا و ڕوسیا و پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا پەیامی ئۆنلاین بۆ کۆنفرانسەکە بنێرن، هەر لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا دوو پانێل پێشکەشدەکرێت، یەکەنیان لەبارەی مێژووی کوردانی فەیلیی کۆن تا ٢٠٠٣، مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدیی تا ٢٠٠٣ و کەیسی ژنانی ئێزدیی و فەیلیی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی عێراقی نوێکراوە، پێشکەشدەکرێت.
لە پانێڵی دووەمیشدا سێ بابەت سەبارەت بە دۆخی کوردانی فەیلیی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەتا ئێستا، بارودۆخی ئێزدییەکان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەتا ئێستا و ئەزموونیان لە خۆبەڕێوەبەرییدا، چارەسەر و پرۆژەی پێشنیازکراو بۆ کەیسی فەیلیی و ئێزدیی و بە تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیی لە عێراقی نوێکراوەدا پێشکەش دەکرێت.
ئامانجی بەستنی کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی" دەستەبەرکردنی مافی کوردانی فەیلیی و ئێزدیی، کە وەک دەروازەیەک بۆ گەرەنتیکردنی مافی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق دادەنرێن.
ت.پ