کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا شەرمەزاری پەرەسەندنی توندوتیژی لە سوەیدا دەکات

لەناو توندوتیژییەکانی سوەیدا، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ ژنان و منداڵانی سوەیدا دووپات کردەوە و داوای پاراستنیان و دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

 شاری سوەیدا چەند ڕۆژێکە شایەتی گرژیی ئاسایشی بێوێنە بووە، شەڕ و پێکدادانی توندوتیژ لەنێوان کۆمەڵگەی دروز و گروپە هۆزەکانی بەدەوی سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕۆژی ١٥ی تەمووز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئێمەی ژنانی زەنوبیا بەشێکی دانەبڕاوین لەم میللەتە، بە نیگەرانی و خەمێکی قووڵەوە سەیری ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لە سوەیدا ڕوودەدەن، هەست بە بارگرانی ئەو بارودۆخە سەختە دەکەین کە گەلەکەمان لەوێدا تووشی دەبێت، و بە توندی شەرمەزاری هەموو جۆرەکانی شەڕ، توندوتیژی، تۆقاندن، ئاوارەبوون کە هاوڵاتیانی مەدەنی ئاشتیخواز دەکەنە ئامانج.

 

ئەو گروپە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتیکردەوە کە بە چاوی خۆیان کاریگەرییە وێرانکەرەکانی توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگەکان و بەتایبەت ژنان و منداڵان دەبینن، ژن بڕبڕەی پشتی خێزان و کۆمەڵگەیە، منداڵیش ئایندەیە، کاتێک ڕووبەڕووی ترس و توندوتیژی دەبنەوە، ئێمە بە دەستی خۆمان ئەو ئایندەیە لەناو دەبەین، ئێمە کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ ژنان و منداڵانی سوەیدا ڕادەگەیەنین، داوای پاراستنیان و دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی دەکەین، هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دەست لە توندوتیژیەکان بگرن و پەنا بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان ببەن.

 

ئاماژە بەوەکراوە، چارەسەر لە سووریا لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و فرەییدایە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو هاوڵاتیان بگرێت، گەرەنتی بەشداری ژنان بکات لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، دەوڵەتێک کە منداڵان بپارێزێت و هەلی خوێندن و گەشەکردنیان بۆ دابین بکات لە ژینگەیەکی سەلامەت و دڵنیادا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و نێودەوڵەتی کراوە، بەرپرسیارێتی خۆیان لە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوەیدا و ئاشکراکردنیان و لێپرسینەوە لە تاوانباران و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و یاسایی بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان و بەشداریکردن لە دروستکردنی بۆشای سەلامەت کە کەرامەت و مافەکانی مرۆڤ بپارێزن، داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەین، لە هەموو باکگراوندەکانەوە، بە یەکگرتوویی بوەستن بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانمان و بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانمان، با پێکەوە کاربکەین بۆ سووریایەکی ئازاد و دیموکراتی و ئاوەدان.