كۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا: حکومەت و دەستووری ئێستا ناڕەوان

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا حکومەتە نوێیەکەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن هەتەشەی جیهادییەوە ڕاگەیەندرا و ڕایگەیاند کە 'حکومەت' درێژەپێدەری سیاسەتەکانی پشتگوێخستنی ژنانە لە ژیانی سیاسیدا، حکومەت و دەستووری ئێستا ناڕەوان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و 'حکومەت' نوێیەکەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن هەتەشەی جیهادییەوە ڕاگەیەندرا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم 'حکومەت'ە درێژەپێدەری سیاسەتەکانی پشتگوێخستن و نکۆڵیکردن لە ئیرادەی گەلی سووریایە بۆ گۆڕانکاری دیموکراسی، ئەم حکومەتە و دەستووری ئێستا ناڕەوان، حکومەتێک کە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەسەندنی سووریایە، دەبێت پشت بە کۆدەنگییەکی گشتی نیشتمانی ببەستێت و بەڕاستی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بکات.

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا بە تایبەتی پشتگوێخستنی ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتدا ڕەتکرایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆڵی ژنان لە حکومەتدا هاوتەریب نییە لەگەڵ ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەی سووریادا و تەنیا بە ناو بەشداریی تێدا دەکەن، یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە مەرجی سەرەکی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و دادپەروەرە.

 

پێکەوە کار بکەن و یەکگرتوو بن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای دیالۆگێکی نیشتمانی کرد کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن و چارەسەری سیاسی بەرەوپێش ببەن، هاوکات پشتیوانیان لە بڕیارەکەی خۆبەڕێوەبەری کرد بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی شام، ئەو بڕیارەشیان بە هەنگاوێکی گرنگ لە پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا زانی.

 

لە کۆتاییدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا کە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی شام بۆ ئەوەی بچنە ناو پرۆسەیەکی سیاسی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی سووریا، هەروەها داوای لە هەموو هێزە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکان کرد کە پێکەوە کاربکەن و یەکبگرن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.