کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا لە ٤٠مین ساڵیدا... تێکۆشان بەردەوامە و پێشێلکارییەکان نەگۆڕاون

لە ٤٠مین ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا (İHD) درێژە بە کاروانی خۆی دەدات کە لە دوای کودەتاکەی ١٢ی ئەیلوول دەستیپێکرد، جەخت لە پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکان و داواکردنی دادپەروەری

ئەلیف ئاکگوڵ

ئیستەنبوڵ ـ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا (İHD) یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕێت، کە لە ساڵی ١٩٨٦ لە دوای کودەتاکەی ١٢ی ئەیلوول دامەزراوە، لەو کاتەوە وەک یەکێک لە دیارترین دامەزراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا ماوەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی بەبەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان، ئامادەکردنی ڕاپۆرت و بەرگریکردن لە کەیسەکانی وەک بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان، ئازادی ڕادەربڕین و پێشێلکارییەکانی مافی زیندانییان.

 

لە ٤٠مین ساڵیادیدا، کۆمەڵەکە پێداچوونەوە بە کاروانی تێکۆشانی خۆیدا دەکات لە کاتی دامەزراندنییەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە  کە کێشەکانی مافی مرۆڤ هێشتا بەردەوامن، لەم چوارچێوەیەدا، گوپسەرەن یۆلەری، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی کۆمەڵەکە، باسی لە بەرەوپێشچوونی تێکۆشانی دادپەروەری و میراسی کۆمەڵەکە کرد لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا.

 

میراسی ٤٠ ساڵ لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ

گولسەرەن یۆلەری، جەختی لەوە کردەوە، کە مێژووی کۆمەڵەکە تەنها مێژووی دامەزراوەیەک نییە، بەڵکو یادەوەری بزووتنەوەی مافی مرۆڤیشە لە تورکیا، وتی: تێکۆشان بەردەوام بووە سەرەڕای پێشێلکارییە سەختەکان و فشار و زیانەکان، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە بەرهەمی خۆڕاگری نەوەکانی پێشووە، کە کۆمەڵەکە بەردەوامە لە هەڵگرتنی ئەم میراسە مێژووییە، بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بێ دابڕان درێژەی بە تێکۆشانی خۆیدا، لەم ساڵانەدا دەرکەوت کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەرئەنجامی کێشە پێکهاتەییەکانی نێو دەوڵەت و سیستەمەکەیە،

ڕووبەڕووبوونەوەشی بەرخۆدانی گەورەی دەویست و هێشتاش پێویستی پێیەتی، نەریتێکی چەسپاوی پێداگری و بەردەوامبوون دروست بووە، بەوپەڕی ڕێزەوە یادی هەموو ئەو هاوڕێ و داکۆکیکارانەی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە لەم کاروانەدا لەدەستمان دان.

 

"تێکۆشانێک کە ژنان لە پێشەنگیدا بوون"

ڕوونیکردەوە، کە کۆمەڵەکە لەو قۆناغەدا دامەزراوە کە ناوی لێنابوو "تاریکی ١٢ی ئەیلوول"، کە قۆناغێک بوو تیایدا ئەشکەنجەدان و گیانلەدەستدان لەژێر ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بڵاوبووەوە، لەگەڵ داخستنی دامەزراوە سیاسییەکان و قەدەغەکردنی کاری سیاسی لە تورکیا و باکووری کوردستان، وتی: ژنان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخۆداندا بوون، بەتایبەتی دایک و هاوژینی دەستگیرکراوەکان کە داوای گەڕانەوەی کەسوکاريانیان دەکرد بە پارێزراوی، ئەم هاوپشتییە دواتر پەرەی سەند بۆ بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی دادپەروەری کە خۆی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بینییەوە، ئێمە میراسگری تێکۆشانێکین کە بە داواکارییەکی سنووردار سەبارەت بە زیندانەکان و دەستگیرکراوەکان دەستی پێکرد، پاشان گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی فراوان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆش لەسەر ئەو بنەمایانەی لەو قۆناغەدا داڕێژراون درێژە بەم تێکۆشانە دەدەین.

"پێکهاتەی دەسەڵاتخوازی دەوڵەت هێشتا بەردەوامە"

 

جەختی لەوە کردەوە، کە سروشتی پێشێلکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە، بەڵام ئەو مافە بنەڕەتییانەی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر پێشێل دەکران تا ئەمڕۆش هەر پێشێل دەکرێن، وتی: کاتێک بەراوردی نێوان ڕابردوو و ئێستا دەکەین، دەبینین کە هەمان مافە بنەڕەتییەکان هێشتا پێشێل دەکرێن، دەوڵەتیش بەهۆی پێکهاتە نادیموکراتی و دەسەڵاتخواز و تاکڕەوەکەیەوە، بەردەوامە لەم پێشێلکارییانە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئێمە ماوەی ٤٠ ساڵە هەمان داواکارییەکان بەرز دەکەینەوە.

 

هەروەها زۆر کەس دەپرسن "دوای چل ساڵ لە تێکۆشان، چی بەدەستهاتووە؟"، ڕوونیکردەوە، کە دەوڵەت جێگیری و پێداگری پیشانداوە لە بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکان، لە کاتێکدا داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە پێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن، چونکە گۆڕانکاری ڕاستەقینە "پێویستی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی هەیە کە پەیوەندی بە پێکهاتەی خودی سیستەمەکەوە هەبێت".

 

جەختی لەوەش کردەوە، کە ئێمە هەوڵدەدەین مافەکانی مرۆڤ لە ناو ئەم سیستەمەدا بچەسپێنین، بەڵام سیستەمەکە زۆر ڕەق و توندە، داواکارییەکانمان بەدی نایەن مەگەر لە ڕێگەی گۆڕانکارییە جەوهەرییەکانەوە نەبێت، بۆیە سووربوونمان لەسەر بەردەوامبوون لە تێکۆشان، سەرچاوە دەگرێت لە تێگەیشتنمان بۆ ئەوەی کە ئەم گۆڕانکارییانە بە ئاسانی و خێرایی بەدی نایەن.

"بازنەی تێکۆشانی دادپەروەری فراوانتر بوو"

 

یەکێک لە گرنگترین دەسکەوتەکانی کۆمەڵەکە، بەپێی وتەی گولسەرەن یۆلەری، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە مافەکان لە ناو کۆمەڵگەی تورکیادا، کە ئەمڕۆ مافەکانی مرۆڤ تەنها کورت نەبووەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر ئازادی ڕادەربڕین یان ئەشکەنجەدان، بەڵکو مافی ژنان، منداڵان، ژینگە، ئاژەڵان و هتد دەگرێتەوە، خەڵک ئێستا وتیان: ئەمە مافی منە و مافی خۆم دەوێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کولتووری مافەکان بووەتە بەشێک لە هۆشیاری کۆمەڵگە.

وتیشی: بوونی نەوەی نوێی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەردەوامی تێکۆشەرانی دێرین (پیاوان و ژنان) لە چالاکییەکانیان، بەڵگەیە لەسەر "سەرکەوتنی کۆمەڵەکە لە چەسپاندنی کولتووری داواکردنی مافەکان.

"هیوادارین جیھانێک ھەبێت کە پێویستی بە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ نەبێت"

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، گولسەرەن یۆلەری وتی: ئەوان لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەکەوە دەستەواژەی "بۆ ساڵانێکی زۆری دیکە"یان پێ باش نییە، چونکە ئامانجی کۆتاییان گەیشتنە بە جیهانێک کە پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا نەبێت، بەم پێیەش پێویستی بە بوونی داکۆکیکارانی ئەم مافانە نابێت، هەروەها هیوادارین جیهانێک هەبێت کە پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا نەبێت و پێویستی بە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ نەبێت، بەڵام ڕاستی ئێستا ئەوە دەردەخات کە ئەم ئامانجە هێشتا دوورە، بۆیە هیوادارین ئەم تێکۆشانە بە هێز و پێداگرییەوە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی پێویستی پێی دەمێنێت.