کەمپەینی یەکڕیزی ژنان: تۆمەتی ئەخلاقی بۆ سەر ژنان ئامانج لێی بێدەنگ کردنی ژنە

کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری ئیدانەی دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ ژنانی چالاکوان دەکەن و ئاماژەیان بەوەدا کە تۆمەتی ئەخلاقی و کوشتنی ژنان و زۆربوونی توندوتیژییەکان بۆ بێدەنگ کردنی ژنانە.

کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری ئیدانەی دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ ژنانی چالاکوان دەکەن و ئاماژەیان بەوەدا کە تۆمەتی ئەخلاقی و کوشتنی ژنان و زۆربوونی توندوتیژییەکان بۆ بێدەنگ کردنی ژنانە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری گردبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقییان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ژنان ئیدانەکرد.

 

لە گردبوونەوەکەدا چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، ژنانی سیاسەتمەدار و ئازادیخوازان بەشداربوون و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە.

 

چرۆ حسێن، ئەندامی کەمپەینەکە، بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا هەر تۆمەت، بوختان، توندوتیژییەک بەرامبەر ژنان بکرێت، بەرامبەر هەموو ژنان کراوە، بوختانی ئەخلاقی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە توندوتیژی و کوشتن کۆتایی دێت و بۆ بێدەنگ کردنی ژنانە بێ جیاوازی کار و پیشە و ئەو ناوەندەی تێیدایە.

 

"دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی لەلایەن فەرمانڕەواوە مایەی شەرمەزارییە"

هەروەها هاتووە: ئەو بوختانەی بۆ ژنێکی چالاکوانی کورد کە لە وڵاتی ئەمریکا دەژی، بە ناوی "شنیار ئەنوەر" دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی فەرمانڕەوایی، یاسایی، ئەخلاقی، ئاینی و کۆمەڵایەتی، بە تایبەت بۆ کەسێک کە پۆستێکی باڵای لەناو حکومەتدا هەبێت زۆرتر مایەی شەرمەزارییە.

 

لە بەیاننامەکەدا جەختلەوە کراوەتەوە کە ژنان لە جەنگ و ململانێکدا قوربانی سەرەکی بوون، هەروەک چۆن لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بۆ کۆنترۆڵکردنی پیاوان، شکاندی ئابڕوی خێزانەکانیان دەکردنە هەڕەشە، "لە ئێستاشدا هەر ژنێک کار بۆ بەرژەوەندی خەڵک و لە پێناو خەڵکدا بکات بوختانی ئەخلاقی بۆ دروستدەکرێت و بە شکاندنی ئابڕووی هەڕەشەی لێدەکرێت، بۆیە پێویستە لەسەر نوسینگەی حکومەتی هەرێم داوای لێبوردن لە شنیار ئەنوەر و هەموو ژنان بکات".

 

ئەمە لە کاتێکدا، دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی کەیسی گەندەڵی و کڕینی خانوو و موڵكێکی بە بەهای ١٨ ملیۆن دۆلار لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە ئەمریکا ئاشکرا کرد، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕاپۆرتە هەڵەیە و تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەنێوان شنیار ئەنوەر و ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەیان هەڵبەست، ئەمەش کاردانەوەی لە نێوان چالاکوانان و ئازادیخوازاندا لێکەوتەوە.

 

"بە شکاندنی ژن دڕێژە بە دەسەڵاتیان دەدەن"

لەوبارەیەوە، سەما محەمەد، چالاکوان، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا کە مێژووی شکاندنی ژن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە کە بنیادی خۆیان لەسەر بەکۆیلەکردنی ژنان و باڵادەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەڵچنیوە، "ئەم سیاسەتە هەتا ئێستا درێژەی هەیە و حزب و لایەنە سیاسییەکان هەمیشە بە بەخشینەوەی تۆمەت و شکاندنی ژن درێژەیان بە سیستمی باڵادەستی خۆیان داوە".

 

سەما یەکبوون و یەکڕیزی ژنان بە چارەسەرییەک دەزانێت بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی کۆیلەکردنی ژن و وتی: یەکێتی نەتەوەیی ژنان ئەو خاڵەیە کە ژنان یەکدەخات و پەروەردە و ڕێکخستن بوونی ژنان سەرباری جیاوازی بیروبۆچوون و لایەنی سیاسیان دەتوانێت لۆبیەک دروستبکات و بەربەستەکانی بەردەم ژنان بشكێنێت.

 

ت.پ