کەمپەینی ”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” جەخت لە بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان لە زیندانەکانی ئێراندا دەکاتەوە
ئەندامانی کەمپەینی ”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” ڕایانگەیاند، کە لە ١٣١هەمین هەفتەی چالاکییەکەیدا، مانگرتن و چالاکی ناڕەزایەتییان لە ٥٩ زیندانی ئێراندا ڕێکخستووە، سێدارەش زیادی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
دۆسیەی لەسێدارەدان لە ئێراندا، لە کاتێکدا کە بەردەوامی هەیە لە دەرکردن و جێبەجێکردن سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیاندا لە پێکهاتەی جیاوازەوە، کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەژێر ڕۆشنایی داواکارییەکانی ڕێکخراوە دادپەروەرییەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێداچوونەوە بەم سزایانە و مسۆگەرکردنی پێوەری دادگاییکردنی دادپەروەرانە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامانی کەمپەینی ”سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان” ڕوونیانکردەوە، کە جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکەیان لە ناو ١٣١ەمین هەفتەی خۆیەوە بە بەشداری زیندانیان لە ٥٩ زیندانی ناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی بەشداربووان لە خواردن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و دەرکردنی سزای نوێ دژی ژمارەیەک لە زیندانیان.
ئەندامانی کەپینەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە ئەمڕۆ ٢٨ی تەموو بڵاوکرایەوە، ڕایانگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران سەرەڕای ناڕەزایەتی و ڕەخنە ئاراستەکراوەکان بۆ ئەم سیاسەتە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، ئاماژەیان بەوە کرد کە ژمارەی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ تا ئێستا، بە پێی ئامارەکانیان، گەیشتووەتە لانیکەم ٣٠٣ حاڵەت.
ڕاگەیاندراوەکە ئەوەشی خستەەڕوو کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ زیندانی لە یەکەی دووەمی زیندانی قزلحەسارەوە بۆ ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دۆخ و داواکارییەکانیان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەڕێوەبەرایەتی زیندان و لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەکردووەتەوە، هەروەها ئەندامانی هەڵمەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا. یادی لەسێدارەدانی هەردوو زیندانی سیاسی بەهرۆز ئێحسانی و مەهدی حەسەنیان کردەوە، کە لە ئەندامانی کەمپەینی ”سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان” بوون، هەروەھا ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی لە کاتی پەلاماردانی هێزەکانی پاسەوانی زیندان بۆ سەر بەشی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی قزلحەساردا، بەپێی وتەیان، تووشی توندوتیژی بوون لە ناو زیندان، خانەوادەی هەندێکیان هێشتا شوێنی ناشتنی ئازیزانیان نەزانن.
لە پەیوەندییەکی نزیکدا، ئەندامانی کەمپەینەکە ڕایانگەیاند، کە زیندانی سیاسی مەهدی خانەکی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لەسێدارەدرا، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکان بەسەر ژمارەیەک لە زیندانیاندا لە دۆسیە تاوانکارییەکاندا، سزای لەسێدارەدانیش بۆ ژمارەیەک زیندانی سیاسی دەرچووە.
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بە بوونی کاردانەوەی نێودەوڵەتی کرد، بەرامبەر بە هەندێک سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا، هەروەها لیژنەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سزاکانی لەسێدارەدان کە دەرچوون دژی زیندانیان لەو شتەی پێی دەوترێت ”دۆسیەی مەیدانی عەلیخانی” لە ئەسفەهان، داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی کرد،
هەروەھا یەکێتی ئەورووپا سزای بەسەر پێنج دادوەری ئێرانی لەسەر بنەمای تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و سزاکانی تر سەپاند، کە کەمپینەکە بە ”نادروست و نامرۆی” ناوی بردن.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیاندا، ئەندامانی کەمپەینی ”سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان” هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ زیندانیانی یەکەی دووەم لە زیندانی قزلحەسار ڕاگەیاند، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە دادپەروەرییەکان کرد کە پشتگیری لە داواکارییەکانی زیندانیانی سزادراو بە لەسێدارەدان بکەن.
ئەندامانی کەمپینەکە جەختیان لەوە کردەوە، کە مانگرتنە هەفتانەییەکانی زیندانیان لە ژمارەیەک زیندانی ئێرانی تێیدا بەشدارن، لەوانە زیندانەکانی ئێڤین، قزلحەسار، ناوەندی کەرەج، تاران گەورە، قەرتشاک، ورمێ، مهاباد، سنە، كرمانشان، لەگەڵ دەیان زیندانی تر لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێراندا.