کەمپەینێکی جیهانی بۆ وەستاندنی تیرۆری ژنانی سیاسەتمەدار
٧٣ ڕێکخستنی ژنانی دژی کوشتنی ژنانی سیاسەتمەدار کەمپەینیان ڕێکخست و ١٨١ کەسایەتی جیهانیش بەشداریان تێدا کردووە.
ناوەندی هەواڵ
کەمپەینێکی جیهانی کە تێیدا وڵاتانی جیهانی وەک کۆڵۆمبیا، مەکسیک، بەرازیل، ئەرژەنتین و فلیپین و چەندین ڕێکخستنی ژنانی وڵاتی دیکە لەژێر ناوی "بۆ ژیان، هەموو پارێزگارییەک دەکەین و کۆمەڵکوژی ژنانی سیاسی ڕادەوەستێنین! بۆ ئەوەی پێشەنگەکانمان بە زیندووی بهێڵینەوە، ڕێگە بە کۆمەڵکوژییەکی نوێ لە دژی ژنان نادەین" کەمپەینی وەستاندنەوە دژی کوشتنی ژنانیان ڕاگەیاند.
لە کەمپەینەکەدا ٧٣ ڕێکخراوی ژنان و ١٨١ کەسایەتی بەشداریان تێداکردووە، دەربارەی هۆکاری ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە ئاماژە بەوەکراوە: "کوشتنی ژنان کارێکی سیاسییە و ماوەی ٥ هەزار ساڵە هەرچیەک بەسەر ژناندا هێنرابێت هۆکارەکەی باڵادەستی پیاوسالارییە، ئەم دۆخەش لەو کاتەوە بەهۆی هاوکارییەکانی دەوڵەتان و سوپا، باڵادەستیان بەسەر خاک، ژن و کۆمەڵگەدا بەردەوام کردووە".
"بە ئامانجی بێ ئیرادەکردنی ژنانە"
ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکە ئاماژە بە کوشتنی ژنان دەکات و بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەیان بەم شێوەیە: بۆ زیندوو هێشتنەوەی پێشەنگەکانمان، ڕێگە بە کۆمەڵکوژکردنی نوێی سەر ژنان نادەین، کوشتنی ژنان کارێکی سیاسییە و ماوەی ٥ هەزار ساڵە لەلایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بەردەوامی پێدەدرێت، لەوکاتەشەوە دەوڵەت و سوپا پشتیوانی کۆمەڵکوژکردنی ژنان دەکەن و باڵادەستیان بەسەر گەل، ژن و کۆمەڵگەدا دەسەپێنن.
هەموو هێرش و کۆمەڵکوژییەکان ئامانج لێی بێ ئیرادە کردنی ژنانە، بەرهەمی زهنیەتی دەسەڵاتداری پیاوە، ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بۆ ئەوەیە هێزی بەرخۆدانیی کۆمەڵگە تێکبشکێنرێت، ئەمەش بە ڕوونی دوژمنایەتی دەسەڵاتدارانە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و هاوکات پێشێلکردنی ئیرادە و ناسنامەی ژن دەردەخات، لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا ستەم، لەشکرکێشی، هێرش و داگیرکاری دەستی بەسەر جیهاندا گرتووە و هەر کەسێک لە دژیان بێت، دەبێتە ئامانجی هێرشەکانیان.
ڕێکخراوەکانی ژنانی جیهان بۆ وەستاندنەوە دژی کوشتن و بە ئامانج گرتنی ژنانی سیاسەتمەدار کەمپەینەکەیان ڕێکخستووە و بە چەندین جۆر و ڕێگەی جیاواز بەردەوامی بە کەمپەینەکەیان دەدەن لە جیهاندا، لە ئێستاشدا ٧٣ ڕێکخراو و ١٨١ کەسایەتی جیهانی بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا کردووە.
ت.پ