کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەڵگەنامە دەکات

ئەمەل حەبیب، کە لە کەرتی غەززە دەژی و وردەکارییەکانی ژیانی خۆی لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە بەڵگە دەکات، دەڵێت: لە ڕێگەی ڤیدیۆکانەوە دەمەوێت ڕاستییەکانی شەڕ و خەڵکی غەززە پیشانی جیهان بدەم.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەبێ پشوودان بەردەوامن، ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەو شەڕەدا، ژنان هەموو بارگرانی ژیانیان لە سەر خۆیان هەڵگرتووە، ئەمەل حەبیب کە لە ڕۆژئاوای غەززە دەژی، لە ڕێگەی وێنەکانی دیجیتاڵ میدیاوە کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە.

 

 لە سەرەتای قسەکانیدا، ئەمەل حەبیب وتی: من و منداڵەکانم ڕووبەڕووی دڕندەیی بووینەوە کە بە دەگمەن لە مێژوودا بەدی دەکرێت، هەر بۆیە هەستم کرد ئەرکی منە ئەم وردەکاریانە بەڵگە بکەم، وشە بەس نییە، بەڵگەنامەکردنی دیمەنی ژنێک کە بە پێ دەڕوات ونەزانین بۆ کوێ بچم، پێش شەڕەکە ڕۆژنامەنووس بووم لە غەززە، بەڵام بەهۆی گەمارۆدان و شەڕی توندەوە وازم لە کارکردن هێناوە، یەکەم ڤیدیۆ کە بڵاومکردەوە بۆ کوڕەکەم بوو، کاتێک پاتری گوێچکەکەی لە ژێر وێرانەکانی ماڵەکەمدا لە گەڕەکی شوجاعیە دۆزیەوە، دوای چوار مانگ شەڕ، بۆ یەکەمجار کوڕەکەم توانی گوێی لە شت بێت، ئەم دیمەنە ملیۆنان کەس بینەری بوون، من ویستم سەرنجی خەڵک بۆ ئەو منداڵانە ڕابکێشم کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە ناتوانن بیستن.

 

"من لەسەر خاکەکەم دەمرم"

 ئەمەل حەبیب لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: هەندێک ژنم بینی کە شەڕی ١٩٤٨یان بەسەر بردووە و دڵنیایان کردمەوە کە شەڕی ئێستا قورسترینە، هەر بۆیە لەو کاتەدا برسی نەبوون، ١٠ جار کۆچیان نەکرد، ماڵەکانیان بەسەریاندا بۆردومان نەکرا، موشەکەکان لە ناوەڕاستی چادرەکانیان نەدا، هیچ لەدەستدانی ژیانی ڕۆژانە نەبوو، هەموو ئەو هەواڵانەی کۆچبەری بڵاودەکرێنەوە هیچ گۆڕانکارییەک ناهێنن چونکە مردن بەدوای خەڵکی غەززەدا دێت، ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات پارێزراوە، مردنی تێدایە، من لەسەر خاکەکەم دەمرم.

 

"ئیسرائیل هەموو خێزانەکانی جیاکردەوە"

 لە درێژەی قسەکانیدا، ئەمەل حەبیب ئاماژەی بەوەدا، کۆچی خێزانەکان لە نێوان باکوور و باشوور پرسێکی بنەڕەتییە و لە هەندێک لە دیمەنەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەو ڕاستییەی کە زۆرێک لەو دایکانە هەن کە ساڵێکە کچەکانیان نەبینیوەو زۆرێک لە منداڵان ئیتر ئەندامانی خێزانەکانیان ناناسن، تەنها لە ڕێگەی وێنەوە دەیانبینن چونکە بە زۆر لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە جیاکراونەتەوە.

 

دیمەنەکانی ئەمەل حەبیب دەنگێکی زۆری دروست کردووەو لە زۆرێک لە وڵاتان تەماشا دەکرێت، بەتایبەتی بەهۆی ئەو نامانەی ژنان کە پێیانگەیشتووە و داوای لە ژنانی جیهان کردووە پشتیوانی لێبکەن و هەمیشە هەوڵی گەڕاندنەوەی مافەکانی خەڵکی فەلەستین بدەن.