لە چوارەمین ساڵڕۆژی شۆڕشدا، مای ساتۆ: دەنگی بەرخۆدانی ژنان بێدەنگ ناکرێت
هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی گلان لە ئێران، مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی شۆڕشێکی بەربڵاوی لە ئێراندا لێکەوتەوە کە نەتەوە و شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری وڵات تێیدا بەشداربوون.
ناوەندی هەواڵ
کوژرانی ژینا ئەمینی، ژنە گەنجی کورد، ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی٢٠٢٢، وەرچەرخانێکی سەرەکی لە مێژووی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بوو، ڕووداوەکە تەنها مردنی ژنێکی گەنج نەبوو، بەڵکو بوو بە سیمبولی چەوساندنەوەی سیستماتیکی ژنان و داوای مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە مەدەنییەکان.
لە پەیامێکدا، کە بە بۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی، ژنە گەنجی کوردە، دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند، کە ئەو ڕووداوە شۆڕشێکی بەربڵاوی لە سەرانسەری وڵاتدا لێکەوتەوە، کە ژن و پیاوانی نەتەوە و شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری ئێران تێیدا بەشداربوون.
ڕوونیشیکردەوە، ئەم شۆڕشە بە داواکاریی بۆ مافە یەکسانەکان دەستیپێکرد، بەڵام بە سەرکوت و توندوتیژی کوشندە بەرەوڕوو بووەوە، ئەم تاکتیکانە دیسانەوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا ئێرانی گرتەوە بەکارهێنران.
ئاماژەی بە بەردەوامبوونی سیاسەت و فشارەکانی پەیوەست بە حیجابی زۆرەملێەوە کرد، وتی: سەرەڕای ڕاگرتنی فەرمی "یاسای پاراستنی خێزان بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری پاکیزەیی و حیجاب"، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەرکوتکردنەکە بەردەوامە، ئەمەش داخستنی قاوەخانە و چێشتخانە و دوکانەکانە بۆ ئامادەبوونی کەسانی بێ حیجاب، هەروەها دەستگیرکردنی هاوڵاتیان لەو چوارچێوەیەدا دەگرێتەوە.
دوای چوار ساڵ لە ڕووداوەکە، مای ساتۆ دووپاتی کردەوە، کە شەپۆلی بەرخۆدان کە لە دوای مردنی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا، کەم نەبووەتەوە، ئەو ژنانەی لە یادەوەری ئەودا ڕژانە سەر شەقامەکان بەردەوامن لە داوای مافە بنەڕەتییەکانیان، لەوانە ئازادی جل و بەرگ، ئازادی هەڵبژاردن لە دامەزراندن، ئازادی شێوازی ژیان و یەکسانی لەبەردەم یاسا و لە کۆمەڵگەدا، لەگەڵ ئەو مافانەی کە دەزگای نێودەوڵەتی دەڵێت لەبیرناکرێن.