دوكەڵی ئاگری دارستانەكان زیانی تەندروستی هەیە و داوای بەستنی دەمامک دەکرێت

هۆشداری لە زۆربوونی دوكەڵ بەهۆی ئاگری دارستانەكانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا دەدرێت، کە زیان بە چەندین ئەندامی لەشی مرۆڤ دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ


مامۆستایانی پزیشكی لە زانكۆی "ئیمپریاڵ كۆلێج" ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو غاز و پیسبوونەی بەهۆی سووتانی دارستانەكانەوە دروست دەبێت لەوانەیە سەدان كیلۆمەتر بڕوات، ئەو غازە و وردیلەكانی ناوی مەترسی زۆرە و تەنانەت لەوانەیە بگاتە مێشكی مرۆڤ و كاریگەری لە هێزی مێشكیان بكات.


ئاماژە بەوەشکراوە، بەڵگەی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی كە پیسبوون كاریگەری لەسەر ئەركەكانی مێشك هەیە،  یەكێك لە دەردراوەكان بەهۆی سووتانی دارستانەكانەوە غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە، ئەوەش پیسبونێكی زۆر مەترسیدارە بەتایبەتی كاتێك چڕیەكەی زیاد بكات، كاریگەری لەسەر ئەركەكانی هەست و بیركردنەوە هەیە.


ئەوەش خراوەتەڕوو، كاتێك ئەو پاشماوانە بەهۆی دوكەڵی سووتاندنەوە دەگەنە سییەكانی مرۆڤ، دەبێتە هۆی هەوكردن و ئەوەش كاریگەری لە سەرجەم بەشەكانی تری جەستە دەكات.


زانایان ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكەن كە لە نزیك ئاگری دارستانەكانەوە دەژین، لە ماڵەكان و شوێنە پارێزراوەكاندا بمێننەوە یاخود دەمامکی گونجاو ببەستن تاوەكو ئەو دوكەڵە زیانبەخشە هەڵنەمژن.