"کولتووری کۆمەڵگە وایکردووە هەمیشە پیاوان قسەکەر بن"

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و چۆنییەتی کارکردنی دەزگا ڕاگەیاندنەکان وایکردووە ژنان نەتوانن کێشەکانیان بخەنەڕوو، شارەزایەکی بواری ڕاگەیاندنیش دەڵێت:حزب دەسەڵاتی بەسەر ڕاگەیاندندا هەیە بۆیە ژنان پەراوێز دەخرێن.

 

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ڕاگەیاندن ڕێگایەکە بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان و داواکارییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە شێوەیەک هەوو تاکێک مافی ئەوەی هەیە ڕاو بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لە هەر کاتێکدا بێت، بەڵام لە کۆمەڵگە داخروەکاندا ئەو مافە بەرتەسک کراوەتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر ژنان بەر پێشێلکردنی ئەو مافە کەوتوون بە جۆرێک ئەگەر کێشەیەک یان داواکاریەکیان هەبێت پیاوان دەبنە قسەکەر و ڕێگە بە ژنان نادەن خاوەنی پرسەکانی خۆیان بن.

 

"فەوزایی ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگەیاندنە حزبییەکان"

بەهار عەبدولڕەحمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، پرسی ڕاگەیاندن وەکو هەموو پرسەکانی تر پەیوەستە بە کۆمەڵگەوە، هەموو دۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، ڕاگەیاندنیش لە هەرێمی کوردستاندا جۆرێک لە فەوزای پێوە دیارە لەبەر ئەوەی سەرهەڵدانی ڕاگەیاندنەکان لە حزبەوە سەرچاوەی گرتووە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆ نەبووە و بە حاڵەتیکی ئاسان پەیدا نەبووە، بۆیە ئەم فەوزایە ئەگەر چی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام هەر بەردەوامە، دەتواندرێت هۆکاری ئەم فەوزایانە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندن بە شێوەی پیشەیانەی خۆی کار ناکات.

 

"ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان ژن وەک کاڵا نیشان دەدات"

بەهار عەبدولڕەحمان ڕوونی کردەوە، ڕاگەیاندن ئەرکی ئەوەیە خەمەکانی کۆمەڵگە بخاتەڕوو بەرەو ئاڕاستەیەکی باش و گەشی ببات، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا پێچەوانەکەیەتی و ڕاگەیاندن هەمیشە هەوڵ دەدات لایەنە خراپەکانی کۆمەڵگە پیشان بدات، تەنانەت هەندێکیان کاریگەریان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی دیاردەی جوێندان و توندڕەوی، ئەمەش وا دەکات ببێتە کولتوور و خەڵکی بەو ئاڕستەیە ببات، وتیشی: ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا بابەتەکان وەکو خۆی باس ناکات تا پرسەکانی ژنان وەکو خۆی بخاتە پێش چاوی بینەر، چونکە ئایدۆلۆژیای حزبی زاڵە بەسەر ڕاگەیاندندا نەک ڕاستی کۆمەڵگە، بۆیە ڕاگەیاندن بە ئاڕاستەی خۆی هەنگاو دەنێت، لە دەرخستنی ڕۆڵی ژندا کەمتەرخەم بووە، ڕاگەیاندن لە جیاتی ئەوەی وەکو کارەکتەرێکی بەهێز و سیاسی و کۆمەڵایەتی وێنای ژن بکات، دەبینین بۆ ڕیکلامی بازرگانی بە جۆرێک وەکو کاڵا نمایشی ژنی کردووە.

 

"کولتوور هەمیشە پیاو بە قسەکەر دەزانێت"

بەهار عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، ڕاگەیاندنی کوردیی هەوڵ دەدات بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆی نەک دەرخستنی کێشەکان، لەبەر ئەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان سەرنج ڕاکێشن بە شێوەیەک دەیخەنە پێش چاو کە بینەر ڕابکێشێت، بەڵام ئەم سەرنج ڕاکێشانەی خەڵک کاریگەری نەرێنی هەبووە، بۆیە دواجار هەم کۆمەڵگە و هەم ڕاگەیاندن زیانیان بەردەکەوێت، چونکە وا دەکات متمانەی خۆی لەدەست بدات، ڕاگەیاندن لە کاتی هەبوونی کێشەکانی ژنانیشدا هەر پیاوان وەردەگرن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کولتوورەی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا باوە و هەمیشە پیاویان بە قسەکەر زانیووە، بۆیە ڕاگەیاندنەکانیش زیاتر ڕوو لە پیاوان دەکەن، ئەمەش زهنیەتی پیاوسالاری زاڵ کردووە و هەندێک جاریش ڕاگەیاندکارە ژنەکانیش هۆکارن، چونکە ئەوەندە ڕوو لە پیاوان دەکەن ڕوو لە ژنان ناکەن بۆ قسەکردن ئەگەر بابەتەکە تایبەتیش بێت بە ژنان.

 

"پێویستە ژنان قایل نەبن بەوەی کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا ڕۆڵی لاوەکیان پێ بدرێت"

بەهار عەبدولڕەحمان جەختی کردوە، ژنانیش هۆکارێکن بۆ ئەوەی هەمیشە ڕاگەیاندن و کۆمەڵگە ڕوو لە پیاوان بکەن بۆ قسەکردن لەسەر بابەتەکان، چونکە خۆیان نابن بە قسەکەر و نووسەر ڕۆڵی تێدا ببینن، زۆر کاتیش ژنان دەرفەتیان پێدەدرێت بۆ قسەکردن بەڵام ڕەتیدەکەنەوە، چونکە کولتووری پیاوسالاری زاڵ بووە بەسەر زۆرێک لە ژنانیشدا و ممتمانەیان بە تواناکانی خۆیان نییە وکەمتر بابەتەکانی خۆیان دەخەنەڕوو، هەروەها ڕاگەیاندن گەورەترین توندوتیژی دەکات بەرامبەر بە ژنان و دەیانکاتە کاڵا، لە کاتێکدا ژن زۆر بەهێز و بە ئیرادەیە و ڕۆڵی هەیە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: بۆ ئەوەی ژنان بەهیز بن و ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەکان ببنەوە پێویستە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و خۆیان قسکەر بن بۆ بابەت و پرسی خۆیان، هەروەها پێویستە ژنان ڕازی نەبن بەوەی کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا ڕۆڵی لاوەکیان پێ بدرێت، زۆربەی ڕاگەیاندنەکان پۆستە سەرەکییەکان دەدەن بە پیاوان لە کاتێکدا ژن هەیە زۆر بەتوانایە، ژن نابێت ڕێگە بدات بەوەی بکرێتە کاڵا لە لایەن ڕاگەیاندنەوە، ژنان تەنها لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان نەبیننەوە، ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی کە لە بوارەکانی تردا بێدەنگ بن، دەبێت فشار بخرێتە سەر دەسەڵات تا کار بکات بۆ بەرەو پێش بردنی ژنان لە کۆمەڵگەدا.