تووڕەیی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هێندەی ئازارەکانیان گەورەیە

لە سەمسور دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات و تێپەڕبوونی دوو مانگ هیچ برینێک ساڕێژ نەکراوە، تووڕەیی و ئازاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان لەسەر وێرانەکان وەک یەکەم ڕۆژە.

 

مەدینە مامەدئۆغلو

 

سەمسور- دوای بوومەلەرزەکە، یەکێک لەو شارانەی کە هێشتا داروپەردووی بینا ڕووخاوەکان لادەبرێت سەمسورە، لە شارەکەدا تەنها شوێنی چۆڵ مانەوە دوای لابردنی وێرانەکان، شیوەنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان بەهۆی لەدەستدانی خزمەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە تووڕەیی، گوڵێ ئاکار توڕەیی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد دوای ٩ ڕۆژ لە بوومەلەرزەکە خەڵکەکە لە وێرانەکان لابراون، هەروەها کاردانەوەی خۆی بۆ حکومەت دەربڕی.

 

"ئەوان ڕێگەیان نەدا هیچ شتێک بکەین"

گوڵێ ئاکار لە گەڕەکی جمهوریەت لە بینایەکی ڕووخاودا کچەکەی و زاواکەی و سێ نەوەی لە باڵەخانەیەکدا لەدەستدا تیشێرتێکی نەوە پێنج ساڵانەکەی بەدەستەوەبوو لەسەر داروپەردووەکان دانیشتووە و باسی لە ڕۆژی بوومەلەرزەکە ئاماژەی بەوەکرد بۆ ماوەی چوار ڕۆژ یارمەتی هیچ کەسێک نەدراوە.

 

گوڵێ ئاکار وتی: ئەو ڕۆژە دوای ڕووداوەکە، ئێمە هاتینە ئێرە، هەروەها کوڕەکەم لە کەنەداوە هات،. لە یەکەم ڕۆژدا، دەنگێکی زۆر لە شوێنەکەوە هات، شۆفڵمان هێنا، بەڵام ئەوان ڕێگەیان پێنەداین لە بینا ڕووخاوەکاندا کار بکەین، ئەگەر بەخێرایی دەستیان بە کارکردن بکردایە، منداڵەکانم ڕزگار دەبوون.

 

"لە یەکەم ڕۆژدا دەنگی هەمووان بیسترا"

گوڵی ئاکار ڕایگەیاند کە منداڵەکانی بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ لەژێر داروپەردوودا بوون و وتی: لێرە، سێ بلۆکی سیتییەکە وێران بوون، کوڕەکەم بە ڕۆژێک لە کەنەداوە هات بۆ ئێرە، بەڵام دەسەڵاتداران بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ نەهاتن، ئەگەر ئەوان به خێرایی بهاتنایە، لەوانەیه یەکێکیان ڕزگار بکەین. پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، هاوارمان کرد، بانگمان کرد، بەڵام کەسمان ڕزگار نەکرد، لەم شوقەیە هیچ حکومەتێک نەبوو، هەموو کەسێک لەژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستدا، ئێمە بەرگریمان کرد، بەڵام هێشتا ڕێگەیان پێنەداین هیچ بکەین، لە ڕۆژی یەکەمدا دەنگی هەموویان دەبیسترا، بەڵام کێ دەتوانێت بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ لەژێر داروپەردوودا بمێنێتەوە؟.

 

گوڵێ ئاکار بە وتنی "جەرگم دەسووتێت" دەربارەی ئەوەی بەسەریان هاتووە وتی: ئەوان وتیان کە تەرمەکان بە کۆمەڵ نێژراون و نەیاندەویست پێمان بدەنەوە، ئێمە قبوڵمان نەکرد، تەرمەکانمان برد و هەموویانمان لە تەنیشت یەکتر ناشت، جەرگم دەسووتێت پێنج کەسی من مردن، منداڵەکانم لەبیر ناکەم.