وەزارەتی ناوخۆ چوارهەم بەیاننامەی بڵاودەکاتەوە بەهۆی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە ئێران

دوابەدوای ژەهراویکردنی زنجیرەیی و بە ئەنقەستی خوێندکاران، وەزارەتی ناوخۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆکاری ڕووداوەکانی بۆ کەسانێک دەگەڕێنێتەوە کە ڕەشبینی بەرامبەر ئەو سیستمە دروستدەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەردەوامی هێرشەکانی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە قوتابخانەکانی شارە جیاجیاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەهۆیەوە تا ئێستا چوار خوێندکار گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەیاننامەی چوارهەمی بڵاوکردەوە و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەو کەسانەی کە دژایەتی حکومەت دەکەن.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە زیاتر لە ١٠٠ کەس کراوە کە تێوەگلاون لە ڕووداوەکانی ژەهراویکردنی ئەم دواییەی قوتابخانەکان لە پارێزگاکانی ورمێ، تەبرێز، سنە و خۆراسان و وەک تۆمەتبار دەستنیشان کراون.

 

هەروەها لە ئەنجامی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەکان لە نێوانیاندا کەسانی پەیوەست بە گروپەکانی دژ بە حکومەت دەبیندرێت کە ئامانجیان دروستکردنی ڕەشبینی بووە سەبارەت بە سیستم و حکومەت.

 

هەروەها لە بەیاننامەی ئەم وەزارەتەدا هاتووە کە بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئەنجامدراون، بە ئامانجی داخستنی پۆلەکانی خوێندن لە ژێر کاریگەری کەشوهەوای دەروونیدا، تاکەکان ڕێوشوێنی وەک بەکارهێنانی کەرەستەی بۆندار و سەلامەتیان گرتووەتەبەر.

 

بە پێچەوانەی ئەو لێدوانەی وەزارەت کە دەڵێت ژەهراویکردنەکان مەترسی نیە، تا ئێستا چوار خوێندکار بەهۆی ژەهراویبوونی کیمیایی نەناسراوەوە گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی زۆریشیان بە بارودۆخێکی ناجێگیرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی پێیان وایە ئەم ژەهراویکردنانە کە زیاتر لە ماوەیەکە بەردەوامی هەیە، تۆڵەسەندنەوەی ڕژێمی ئێرانە لە شۆڕشی ژینا و خوێندکاران.