ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ئەنجامنامەی کۆنگرەیان ڕاگەیاند
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دوای بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەکە، ئەنجامنامەی کۆنگرە و لە ١٠ خاڵدا کار و پلانی دوو ساڵی داهاتووی خۆی ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
کۆنگرەی پێنجەمی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان لە ٢٨ی ئایار/٥دا بە لە هۆڵی لاهای لە شاری کەرکوک بە ئامادەبوونی ٢٥٠ ئەندام و بە دروشمی " بەپەروەردە و رێكخستن و پاراستنی ژنان، ئازادی تاك و سیستەمی دیموكراتیانەی گەل گەرەنتی دەكەین" بەسترا.
لە کۆنگرەکەدا هەریەک لە نوێنەرانی ڕێکخراوی ژنان و ڕێكخراوی مەدەنی و نوێنەری ژنانی "عەشتار" لە مەخمور و نوێنەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە شەنگال'، هەروەها ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە بەشداری کۆنگرەکە بوون.
لە کۆنگرەکەدا ڕاپۆرتی سێ ساڵی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە، پەیڕەوی ناوخۆ و پێشنیار و پلانی ڕێکخراو خوێندرایەوە و دەنگدانی بۆ کرا، بۆ خەباتی دوو ساڵی داهاتووش پلانی کار و چالاکی دانرا و پێشنیار لەو بارەیەوە لە بەشداربووان وەرگیرا.
لە ئەنجامنامەیەکدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئەنجامی کۆنگرەی پێنجەمیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لە کۆنگرەکەماندا ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و دۆخی ژنانمان هەڵسەنگاندن گەشتینە ئەو بڕوایەی کە ژنان لەم چەند ساڵەی دوایدا بەگشتی پێشەنگایەتیان كردووە لە ئاراستەكردنی نارەزاییەكان لە بەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری لەسەرتاسەری جیهاندا بەتایبەتی لە كوردستاندا. لە باشووری كوردستان و ئێراقیشدا تەواوی نارەزاییەكان ژنان بەشێوەیەكی ئاكتیڤ بەشداربوون و خۆپیشاندانی جەماوەر دژی گەندەڵی و داگیركاری و بێ كاری و ژن كوشتن ئەنجامدراون و وێرای بەبیرهێناوەی تەواوی شەهیدانی سەرهەڵدانەكان و ئەو شەهیدانەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا شەهیدبوون.
هەروەها جەخت لەسەر ئەو راستیانەكرایەوە كە ناوەندی كێشە و ، پرسی ژنانە و بەهۆكاری باڵادەستی زهنیەتی رەگەزگەراوە و پەراوێزكردنی ژن لە هەموو كایەكانی تێكۆشاندا و لە كار و چالاكیەكاندا هێندەی شێوازی كۆن و كلاسیك پەیرەو دەكرێت شێوازی نوێ و بەرهەمهێنن بەبنەما ناگیرێـت،
وەک بڕیار بۆ کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بۆ دوو ساڵی داهاتوو، بڕیار درا بە:
١- كردنەوەی خوولی پەرەوردەیی بۆ تەواوی ژنان بێ جیاوازی فكری و سیاسی، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی كە داخوازی كاركردن و خزمەتكردنیان هەیە بۆ ژنان و تەواوی كۆمەڵگە.
٢- بەردەوام دەبین لە هەڵمەتی بەرێكخستنكردنی ژنان بەدروشمی "پێویستە یەك ژن بێ رێكخستن نەمێنێت". لەسەر بنەمای ڕێكخستنی جەماوەریی و كۆمین و ئەنجومەنی ژنان بونیات دەنێین و كار دەكەین بۆ ئەوەی ژنان ببنە خاوەن رێكخستنی سەربەخۆی ژنانە لە هەموو جێگەیەكدا هەروەها گرنگی دانە خەباتی ژن لە شارەكانی عێراق، واتا بەڕێكخستن كردنی ژنانی عەرەب و توركمان و ئاشووری و هەموو باوەڕییە جیاوازەكان كە ناوەندەكەی تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی ناوینە وەك كەركوك و خانەقین و دوزخورماتو و موسڵ.
٣- لەگەڵ بەرێوەبردنی زۆرترین هەڵمەت و كەمپینی جۆراوجۆر لە دژی هەموو كۆمەڵكوژی و توندوتیژییەكانی سەر ژناندا، كار دەكەین دەكەین بۆ كردنەوەی شوێنێک بۆ پارستنی ژنان "شەلتەری ژنان".
٤- بەرامبەر بە هەڵوێستی ئەو ژنانەی كە لە سیاسەتدا زۆر هەل پەرست و ڕووكەشین و لەناو كێبڕكێیەكی دەسەڵاتدان و لەڕاستی و ئێش و ئازارەكانی كۆمەڵگە دابڕاون، تێكۆشانی بەهێز لەسەر بنەمای هێڵی ئازادی ژن بەڕێوەدەبەین و مۆدێلی نوێی پێشەنگی ژن لە سیاسیەتدا پێش دەخەین، كە نموونەی ژنێكی خۆبەخش و فیداكار و خاكی بێت ئاشقی گەلی خۆی بێت.
٥- لەبەرئەوەی "رێبەر ئاپۆ" زۆرترین خزمەتی بەتێكۆشانی ئازادی ژن كردووە و ناوەندی جیهانبینییەكەی تێكۆشانی ئازادی ژنە و توندكردنی گۆشەگیریش بەندە بەو پێداگریانەی كە لەپێناوی بونیادنانی شۆڕشی ژن دا بەرێوەی دەبات. بۆیە ئێمە پێمان وایە تێكۆشان لەپێناوی ئازادی رێبەر ئاپۆ ئەركی هەموو ژنانە و وەك رێكخراوەكەشمان بەئەركی خۆمان دەزانین تێبكۆشین لەپێناوی ئازادی بەرێزیان ئەنجامدانی چالاكی دیموكراتی و بەبڵاوكردنەوەی فكرو رامانی بەرێزیان و پراكتیزەكردنی تێزە فكریەكانی لەپێناو چارەسەری پرسەكانی ژناندا.
٦- لە رێگەی چالاكی جەماوەریی و هۆشیاری سیاسی فكریەوە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تەواوی داگیركاریەكانی سەر خاكی هەرێمی كوردستان و ئێراق دەبینەوە بەتایبەتی داگیركاریەكان دەوڵەتی توركیا لەروی سەربازی و سیاسی و ئابووری و كلتوریەوە بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كەمپینی و هەڵمەتی جیاواز جیاواز رادەگەیەنین.
٧- لە چوارچێوەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی كۆمەڵگە، پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ گوندەكان بە پێشەنگایەتی ژنان پێشی دەخەین، هەڵمەتی قەدەغەكردنی كاڵای بیانی و گرنگی دان بەخواردن و كاڵای خۆمانە رادەگەیەنین.
٨- تێكۆشانێكی ڕادیكاڵ و ئایدۆلۆژی، سیاسی و بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی ژنانی شەنگال بەڕێوەدەبەین. بۆ ئازادی ئەو ژنانەی كە ڕووبەڕووی هێرشی داعش هاتوون و ئەوانەی كە دیلی دەستی داعشن، بە دروشمی "نا بۆ كۆمەڵكوژی ژن" و "ئازادی ژنانی شەنگال، ئازادی مرۆڤایەتییە" هەتا ئازادكردنی تەواوی ژنانی شەنگال لە دەستی داعش بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی چالاكی و هەتا ناساندنی ئەم كۆمەڵكوژییانە وەك جینۆساید لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە سیستەمی خۆبەرێوەبردنی شەنگال دەكەین.
٩- لەرووی راگەیاندنیەوە كار دەكەین زۆرترین راگەیاندن كار پێبگەیەنین بۆ ئەوەی راگەیاند بكەوێتە خزمەتی تەواوی كۆمەڵگا و رەگەزگەرایی لە راگەیاندندا كۆتای پێ بێت. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین خولی پەروەردەی راگەیاندنی بەرێوەدەبەین.
١٠- لە دژی هەموو ئەو بەند و ماددە یاساییانە تێكۆشان دەكەین كە بە زهنییەتی ڕەگەزگەرایی نوسراونەتەوە یان ئەو هەوڵدانانەی كە دەخوازن بە تەواوی یاساكانی داعش جێبەجێ بكەن. بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پێشخستنی پڕۆژە یاسای نۆژەن، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین. لە هەمان كاتدا ئەو یاسایانەی كە بە ئاڕاستەیەكی دیموكراتی و هاوسەنگی ڕەگەزیدا هەمواركراون كاردەكەین بۆ پراكتیزەكردنیان.
لە کۆتایی کۆنگرەکەشدا لە ڕێگەی دەنگدانەوە و بە بەشداری ئامادەبووان، ٢١ ژن وەک ئەندامی گشتی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران لە ناویشیدا کۆمیتەی راگەیاندن، پەروەردە و نوێنەری دەرەوەی وڵاتی ڕێکخراوەکە هەبوون.
ت.پ