ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان: ژنانیش مافیان هەیە چەکدار بن و بە چەک بەرگری لە کەرامەتی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بەشداری هەڵمەتی پاڵپشتی لە یەپەژە دەکات و لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، ژنانیش هەر وەکو پیاوان مافیان هەیە چەکدار بن و بە چەک بەرگری لە حورمەت و کەرامەتی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن،

ناوەندی هەواڵ 

 

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژائاوای کوردستان لە ٢٦ی نیسان هەڵمەتێکی پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" ڕاگەیاند، هەروەها بانگەوازێکیان بۆ بەشداریکردنی لە سوپای سووریا لە چوارچێوەی یەکگرتنی دیموکراتیکدا دەستپێکرد، بە دروشمی "هەموومان یەپەژەین" و "یەپەژە نوێنەرایەتیمان دەکات".

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان پشتگیری خۆی بۆ یەپەژە دەربڕی و ڕاگەیاندراوێکی بلاوکردەوە.

 

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هەڵوەشاندنەوەی هێزێ چەکداری یەپەژە،یان داعشیزم! ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو دەوڵەتەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سووریا بۆ داعشیان دامەزراندوە، بڕیاری داوە "یەپەژە" بە پاساوی ئەوەی هێزێکی چەکداری ژنانە هەڵبوەشێنێتەوە، بێگومان ئەگەر باسەکە دەربارەی هەڵوەشانەوەی هەموو میلیشیاکان ببوایە، هەرچۆنێک بێت جیاوازیەکی دەبوو لەم داعشیزمە دژی ژنە. بەڵام ئەم بریارەی شەرع پێش لە هەر شتێک لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم کۆنەپەرستانە ناتوانن جگە لە کاری ناوماڵ هیچ کارێکی تر بۆ ژنان بە گونجاو بزانن. ئەمە کێشەیەک نیە کە یەپەژە هەیبێت، بەڵکو کێشەی کۆنەپەرستی ئەوانەیە کە ژن بە کەم دادەنێن.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەم بڕیارە لە دوو گۆشەنیگاوە پووچ و بێپاساوە: یەکەم: لە سووریایەکدا کە چەندین میلیشیایی جۆراوجۆری ئیسلامی تاوانکار لە مەیداندان و خەڵکیان هەراسان کردووە، باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی تاقە میلیشیایەک کە دژی دڕەندەیی داعش بەرگری لە ژیان و کەرامەتی خەڵک کردووە و ڕێگای بە سەبایەکردنی هەزاران منداڵی کچ گرتووە، خۆی بەشێکە لەدرێژەدان بە پەیام و کاری داعش. لە ناو ئەو هەموو میلیشیایەدا بۆچی دەبێ بریاری تایبەت بۆ هەڵوەشانەوەی( یەپەژە) دەربکرێت؟

دووەم: ئەم هەستیاریە بەرامبەر چەکداربوونی ژنان خۆی جگە لە ئاڵودەبوون بە ڤایرۆسی داعشیزم هیچ هۆکارێکی تری نیە. لە ڕوانگەی ئەم کۆنەپەرستانەوە ژنان تەنها بۆیان بڕاوەتەوە کۆیلەی پیاوان و کاری ناوماڵ بن. بۆیە بەرگە ناگرن ببینن ژنان چەکیان لە دەست بێت و ئاسایشی خۆیان و کۆمەڵگا بپارێزن.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئێمە ئەم بریارە کۆنەپەرستانەی ئەحمەد شەرع وئەو دەوڵەتە داعشییە بە توندی سەرکۆنە دەکەین. ژنانیش هەر وەکو پیاوان مافیان هەیە چەکدار بن و بە چەک بەرگری لە حورمەت و کەرامەتی خۆیان و کۆمەڵگا بکەن. بە تایبەت لە کۆمەڵگای سووریای ئێستادا کە پڕە لە میلیشیای کۆنەپەرستی ئیسلامی تائیفی، ئەم مافە گرنگیەکەی چەندین جار گەورەتر دەبێتەوە، ئێمە دژی ئەم بڕیارە ڕادەوەستین و بانگەوازی هەموو خەڵکی ئازادیخواز، لایەنە ئازادیخوازەکان و لایەنگرانی مافەکانی ژنان دەکەین کە دژی ئەم بریارە بوەستنەوە و سەرکۆنەی بکەن.