ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: نابێت زیندانی ئێڤین ببێتە مەیدانی جەنگ
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بارودۆخی خراپی زیندانی ئێڤین لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو جۆرە هێرشانە بە تاوانی جەنگ دادەندرێت و نابێت زیندانەکە ببێتە مەیدانی جەنگ.

ناوەندی هەواڵ
دوێنی ٢٣ی حوزەیران، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا زیندانی ئیڤینی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کارەبا پچڕا و پەنجەرەکانی سەرجەم هۆڵەكانی زیندانەکە شكان و بنکەی تەندرووستییەکە و بینای داواکاری گشتیی زیندانەکە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئیڤین لە شاری تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا قەدەغەیە و ئەو جۆرە هێرشانە بە تاوانی جەنگ دادەندرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، نابێت هیچ جۆرە توندوتیژییەک دژی زیندانییەکان بەکاربهێندرێت و زیندانی ئێڤین بکرێتە مەیدانی جەنگ، چونكە زیندانییەكان تووشی دڵەڕاوکێ و ترس دەبن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین دەەستبەجێ هەموو ئەو زیندانیانە ئازاد بکەن، کە بە پێچەوانەی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ دەستبەسەرکراون و زیندانیانی دیکە لەو شوێنانە بگوازنەوە، کە مەترسی هێرشی سەربازییان لەسەرە.