ڕێکخراوێکی ژنان خەڵاتی "ئاشتی لە پێشکەوتندا"ی بەدەستهێنا

"النساء الآن من أجل التنمية"، کە لەلایەن سەمەر یەزبەک، ڕۆژنامەنووسی سووری لە کاتی قەیرانی سووریا دامەزرا، خەڵاتی "ئاشتی لە پێشکەوتندا" لە نێوان ٢٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوێکی سووری بە ناوی "النساء الآن من أجل التنمية" خەڵاتی "ئاشتی لە پێشکەوتندا"ی ساڵی ٢٠٢٥ی دامەزراوەی ئاشتی نێودەوڵەتی کەتەلۆنی بەدەستهێنا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی ڕێکخراوەکە، پشتیوانیکردن و پاراستن و بەهێزکردنی ژنانی سووریا، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سووریا، وەک هێمایەک بۆ بەرخۆدان و هاوپشتی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژیەکاندا.

 

ئەم خەڵاتە دان بە بەشدارییە ناوازەکەی "النساء الآن من أجل التنمية" دەنێت لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دادپەروەری و کەرامەت لە سووریا، کە شایەتحاڵی سەرکوتکردنی توند و ململانێی چەکداری بووە، لە ئەنجامدا زۆرێک لە دانیشتووانەکەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ بووە. ئەم ڕێکخراوە لە نێوان ٢٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە کاندیدکرابوون بۆ خەڵاتەکە هەڵبژێردرا.

 

"النساء الآن من أجل التنمية" لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن سەمەر یەزبەک، ڕۆژنامەنووسی سوریەوە دامەزراوە، وەک دەستپێشخەرییەکی بنەڕەتی بۆ پشتیوانیکردنی ژنان و کچان لە سەرانسەری قەیرانی سووریادا. ئامانجی سەرەتایی دروستکردنی شوێنی سەلامەت بوو، کە ژنان بتوانن تێیدا کۆببنەوە، زانیاری و ئەزموونەکانیان هاوبەش بکەن، بەکۆمەڵ ڕێگاکانی پشتگیریکردنی کۆمەڵگەکانیان بکۆڵنەوە. لەو کاتەوە ڕێکخراوەکە پەرەی سەندووە و بووەتە ڕێکخراوێکی ژنی پێشەنگ کە لە ناوچە جەنگییەکان و ژینگە کاریگەرەکانی ململانێدا کاردەکات، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سووریا.

 

لە ڕێگەی لقەکانی لە سووریا و لوبنان و تورکیا، کە "النساء الآن من أجل التنمية"پشتگیری لەو کۆمەڵگەیانە کردووە کە بەدەست پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤەوە دەناڵێنن، وەک گەمارۆدان، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و هێرشی کیمیایی. ڕێکخراوەکە ڕێبازەکەی خۆی بە گرنگیدان بە ڕزگاربووان پێناسە کردووە، جەختی لەسەر گرنگی پاراستن و بەشداریکردن و بەهێزکردن کردووەتەوە، هەروەها باوەڕێکی قووڵی بە پێویستی ڕێکخستنی کۆمەڵگە.

 

ڕێکخراوەکە پێشەنگایەتی هەوڵەکانی داکۆکیکردنی نێودەوڵەتی کردووە، بە گەورەکردنی دەنگی ژنانی سووریا کە زۆرجار لە وتاری سیاسی گشتیدا پەراوێزخراون، هەروەها داوای دادپەروەری و لێپرسینەوەشی کردووە.

 

خەڵاتی ئاشتی لە پێشکەوتندا چییە؟

لە ساڵی ٢٠١١ەوە دامەزراوەی ئاشتی نێودەوڵەتی کەتەلۆنیا ساڵانە خەڵاتی ئاشتی دەبەخشێتە کەسایەتییە دیارەکان، ڕێکخراوەکان، یان ئەو دامەزراوانەی کە بەشدارییەکی بەرچاو و بەردەوامیان لە پێشخستنی ئاشتیدا کردووە.

 

ئەم خەڵاتە ڕێزلێنانێکی گشتی و پەیکەرێک لەخۆدەگرێت کە نووسراوی "بوابة نحو الشمس"ی لەسەرە، کە لەلایەنئەدۆلف پێریر ئێسکیڤاڵ، هونەرمەند و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دیزاین کراوە. هەروەها خەڵاتەکە خەڵاتێکی پارەیی لەخۆدەگرێت.

 

مەراسیمی خەڵاتکردنی خەڵاتەکە لە مانگی ئەیلولی داهاتوو لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا بەڕێوەدەچێت، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئاشتی.