ڕاگەیاندراوی ٢١ی شوبات: ستاتۆ بۆ کورد، خوێندن بە زمانی دایک

ڕێکخراوەکانی زمانی کوردی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ڕایانگەیاند، زمان سەرچاوەی شکۆ و هەبوونە بۆ گەلان، هەروەها داوای گەرەنتی کردنی زمانی کوردی لە دەستووردا دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هۆڵی کۆنفرانسی عەلی میری شارەوانی گەورە شاری ئامەد، ڕێکخراوەکانی زمانی کوردی بە بۆنەی ٢١ـی شووبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکیان هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، زمان سەرچاوەی شکۆ و شووناس و هەبوونە بۆ گەلان و یەکسانی زمانی دایک و فرەزمانی بنەمای پێکەوەژیانن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، گەلی کورد زیاتر لە ١٠٠ ساڵە دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن و تواندنەوە سەبارەت بە ناسنامە و زمان تێدەکۆشێت و داوا کراوە زمانی کوردیی ببێتە هەڵگری پێگەی خۆی لە دەستووردا و گەرەنتی بکرێت.

 

باس لەوەشکراوە، لە چوارچێوەی ٢١ـی شووباتدا لەژێر درووشمی “ستاتۆی کورد، پەروەردە بە زمانی کوردی”، پانێڵ، ڕێپێوان، نمایشی شانۆ، فیلم و دۆکیۆمێنتاری، شەوانی دەنگبێژیی، ڕۆژانی واژۆکردنی پەرتووک، کۆنسێرتی فرەزمانی بەڕێوەدەچێت، جگە لەوەش ستاند بۆ داواکردنی پەروەردە بە زمانی کوردیی دادەنرێت، لە بارەی پەروەردەوە سیمینار بۆ خێزانەکان سازدەکرێت، بۆ پاراستنی شێوەزاری کرمانجی نامە بۆ یونسکۆ و وەزارەتی پەروەردەی دەنێردرێت.

 

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، تێکۆشان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی زمانی کوردیی پێگە بەدەست دەهێنێت و ببێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن لە خوێندنگەوە تا زانکۆ.