ڕێکخراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی: ئازادی ڕادەربڕین لە دۆخێکی مەترسیداردایە
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕەوشی باشوری کوردستان و ئازادی ڕادەربڕینی بە دۆخێکی مەترسیدار لە قەڵەم دەدەن، و ئیدانەی سزادانی پێنج ڕۆژنامەنووس دەکەن بە ٦ ساڵ زیندانی.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای سلێمانی لە شاری سلێمانی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پاریزەران و چالاکوانانی سیاسی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست و لە بارەی دۆخی مەترسیداری هەرێمی کوردستان و ئازادی رادەربڕین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا، تێیدا بەیاننامەی هەریەک لە ڕێکخراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سی پی تی و ئەنجومەنی فشار خوێندرانەوە.
لە بەیاننامەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هاتووە: لە دوای بارودۆخی سەختی ژیان و قەیرانی ئابووریدا تاکە تروسکاییەکی ئومێد هاوڵاتی ئەم هەرێمە بەرامبەر بە حکومەت مابێتی، دەسەڵاتی دادوەری و دادگا بوو کە بتوانێکی ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە و سەروەری یاسا جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوەی دوێنێ ڕوویدا لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی ١٧ی شوبات دۆخێکی مەترسیداری خوڵقاند بە سزادانی پێنج ڕۆژنامەنووسی بادینان بە ٦ ساڵ زیندانی بە هۆکاری هەبوونی بۆچوونی جیاواز.
لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیدا داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و یونامی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق و ڕای گشتی کرد فشار بخەنە سەر دەسەڵاتی پۆلیسی و تۆتالیتاری بۆ دروستکردنی بەربەستێک بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆ تا چیتر مافی هاوڵاتیان پێشێلنەکات و لەسەر ئازادی ڕادەربڕین هاولاتی لە زینداندا توند نەکات.
بەیاننامەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ - سی پی تی لە لایەن کامەران عوسمانەوە خوێندرایەوە کە خۆیان لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە هۆڵی دادگادا ئامادەییان هەبووە، تێیدا هاتووە: ئێمە لە ناو دادگادا تێبێنیمان کرد ئەو بەڵگانەی پێشکەش بە دادگا کرابوون چەند گفتوگۆیەکی کەسی بوو، وە کۆمەڵێک وێنە و بەڵگەی گفتوگۆکردنیان بوو لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەربارەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، لە ناو هۆڵی دادگادا شێروان شێروانی و زیندانیانی دیکە ئەوەیان پێڕاگەیاندنین کە ئەشکەنجە و ئازار دراون.
سی پی تی پەیامی شێروان شێروانی و هاوەڵانی لە دادگاوە بۆ رایگشتی گواستەوە و ئاماژەی بەوەدا ئەو ڕۆژنامەنووسە زیندانیانە داوایان لە ڕای گشتی کردووە بە یەکگرتووی بمێننەوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش دادپەروەری بهێننە دی.
هەر لە کۆنگرەکەدا داواکرا بە بڕیاری دادگادا بچنەوە و دادگای تەمیز دادپەروەرانە هەڵسوکەوت بکات و سزای زیندانی ئەو پێنج ڕۆژنامەنووسەدا هەڵبوەشێنرێتەوە و دەست بەجێ ئازادیان بکەن.
ت.پ