ڕێکخراوە عەلەوییەکان: لەبیرکردنی هەر کۆمەڵکوژییەک ڕێخۆشکەرە بۆ کۆمەڵکوژیی تر
فەدا و داکب قوربانیانی کۆمەڵکوژیی مەلەتیان بیرهێنایەوەو وتیان: لەبیرکردنی هەر کۆمەڵکوژییەک، ڕێخۆشکەرە بۆ کۆمەڵکوژیی تر. جێهێشتنی هەر تاوانێک بەبێ سزا، ستەم و نادادی قووڵتر دەکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
فیدراسیۆنی عەلەوییە دیموکراتیکەکان "فەدا" و یەکێتیی ژنانی عەلەویی دیموکراتیک "داکب" بە ڕاگەیاندراوێک کۆمەڵکوژیی مەلەتیان بیرهێنایەوەو تێیدا هاتووە: لەبیرکردنی هەر کۆمەڵکوژییەک، ڕێخۆشکەرە بۆ کۆمەڵکوژیی تر. جێهێشتنی هەر تاوانێک بەبێ سزا، ستەم و نادادی قووڵتر دەکاتەوە.
ئاماژە بەوە کراوە، لە ١٧ی نیسانی ١٩٧٨ پاکەتێکی بۆمبڕێژکراو نێردرا بۆ سەرۆکی شارەوانی مەلەتی حامید فەندئۆغلو، لە ئەنجامدا خۆی و بووکەکەی و نەوەکەی گیانیان لەدەستدا، لەدوای ئەم ڕووداوەش هێرشی فراوان بۆ سەر هاووڵاتیان دەستیپێکرد.
ئاماژە بەوە کراوە، لە هێرشەکاندا سێ منداڵ و هەشت هاووڵاتی عەلەویی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ١٠٠ کەس برینداربوون و ١٠٠٠ ماڵ و کارگە وێران و سووتێندران.
ئاماژە بەوە کراوە، کۆمەڵکوژیی مەلەتی تەنها کۆمەڵکوژی و قڕکردن نییە، بەڵکوو هاوکات سیاسەتی دەربەدەرکردنە، تا ڕاستی دەرنەکەوێت و دادپەروەری بەدی نەیەت، هاووڵاتیبوونی یەکسان نایەتەدی.