ڕێکخراوە عەلەوییەکان: بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دەوڵەت، ئاشتی بەدی نایەت
فەدا و داکب بانگەوازیان کرد بۆ "داهاتوویەکی دوور لە کۆمەڵکوژی و قڕکردن" و ڕایانگەیاند، لە مەڕەشەوە تا ڕۆبۆسکی بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دەوڵەت، ئاشتی کۆمەڵایەتی بەدی نایەت.
ناوەندی هەواڵ
فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان "فەدا" و یەکێتی ژنانی عەلەوی دیموکراتیک "داکب" لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکانی مەڕەش، ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژیی زیندانەکانی ١٩ی کانوونی یەکەم ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: مانگی کانوونی یەکەم لە مێژووی ئەم دواییەی تورکیا و کوردستان یەکێک لەو ساتانەیە کە لە بەرانبەر عەلەوییەکان، شۆڕشگێڕان و کورد کۆمەڵکوژی زۆر سەخت ئەنجام دراوە و هەروەها هێرشەکەی ١٩-٢٦ـی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨ لە مەڕەش وەک "هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو، ڕێکخراو و لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا بە ئامانجی لەناوبردنی ئایینی و ئەتنیکی" لە دژی عەلەوییە کوردەکان-تورک ئەنجامدراوە.
توندوتیژییەکان لە زیندانەکانەوە تا ڕۆبۆسکی
فەدا و داکب ئەوەشیان یادکردەوە کە لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠ لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی گەڕانەوە بۆ ژیان، لە ٢٠ زینداندا بە هاوکاتی هێرش ئەنجام درا، زیاتر لە ٣٠ زیندانی سیاسی شەهیدکران و سەدان کەسیش بریندار بوون.
هەروەها باس لەوەش کرا کە لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لە گوندی ڕۆبۆسکیی شەرناخ لە ئەنجامی بۆردوومانی فرۆکەکانی سوپای تورکدا ٣٤ گوندنشینی کورد کوژراون. فەدا و داکب ڕایانگەیاند، ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی کە ناومان هێنان، هێشتا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، دۆسییەکانیان داخراون و هەروەها تێکۆشانی بنەماڵەکانیش بۆ دادپەروەری بەردەوامە.
'تا ڕاستییەکان ڕوون نەکرێنەوە ئاشتی بەدی نایەت'
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە، لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لەسەر ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان دەرفەتێکی گرنگە و گوترا: "بەبێ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و دادپەروەری، ئاشتی بەدی نایەت.
فەدا و داکب جەختیان لەوەشکردەوە، ڕێگە بە لەبیرکردنی کۆمەڵکوژییەکان نادەن.