پێشنیار دەکرێت بەسرە وەک پایتەختی ئابووری عێراق دەستنیشان بکرێت

بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراق، لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق، ڕاسپاردەی جێبەجێکردنی یاسای بە پایتەختکردنی ئابووری بەسرەی لە عێراق کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراق، لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق، ڕاسپاردەی جێبەجێکردنی یاسای بە پایتەختکردنی ئابووری بەسرەی لە عێراق کردووە.

 

ئەندامی لیژنەکە، زەینەب جومعە ئەلموسەوی ڕایگەیاندووە کە یاسای بە پایتەختکرنی ئابووری بەسرەی لە عێراق، لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ مشتومڕێکی سیاسی بەردەوامی لەسەر هەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تا ئێستا یاساکە جێبەجێ نەکراوە.

 

زەینەب جومعە ئەلموسەوی ڕوونیکردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکە دەبێتە هۆی شۆڕشێکی هەمەلایەنەی گەشەپێدانی ئابووری، ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی بەسرە بەرزدەکاتەوە، هەروەها ڕێگە دەدات کە سەرچاوە ئابووری و مرۆییەکانی شارەکە بە باشترین شێوە کەڵک وەربگیرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یاساکە بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و فراوانکردنی بەندەرەکان هاوتەریب لەگەڵ شوێنی ستراتیژی پارێزگاکە، چونکە لە ئێستادا بەسرە بەدەست پەراوێزخستنی دارایی و وەدەرنانی کارگێڕییەوە دەناڵێنێت، وردەکارییەکانی پاشەکەوتی پارێزگاکە لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، کە پێویستە حکومەتی ناوەندی بیدات، بە تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.