کەجەدەپە بەردەوامبوونی ژنکوژی لە تورکیا پشتڕاست دەکاتەوە

پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین ڕاپۆرتی مانگی ئایاری سەبارەت بە کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە، پشتڕاستیکردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ بە "ساڵی خێزان" ناسێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی خێزانی تا ئێستاش وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی ژنان دەمێنێتەوە، چونکە زۆرجار لەلایەن هاوژینەکانیان، کەسوکارەکانیان، یان تەنانەت ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن. ئەمەش داوای ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی و لێکۆڵینەوەی کاریگەر دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم کەیسانە. 

 

پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە) ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی کوشتنی ژنان لە ماوەی مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە، بەردەوامیی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاشکرا دەکات سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ بە "ساڵی خێزان" ناسێندرا. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢١ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، ٢٠ ژنیش بە کوژراوی لە هەلومەرجێکی نهێنیدا دۆزراونەتەوە.

 

لە کۆی ٢١ ژنەکە حەوتیان بەهۆی ئەوەی ویستوویانە جیاببنەوە، یان ڕەتیانکردەوە ئاشتببنەوە، یان کۆتاییان بە ژیانی هاوسەرگیریان هێنا. پێنج کەسی دیکەش بە هۆکاری ئابووری کوژراون و نەتوانرا هۆکاری مردنی ئەو ٩ ژنەی دیکە دەستنیشان بکرێت. لە کۆی ٢١ ژن کە کوژراون، ٥ ژنیان لەلایەن کەسوکارەوە کوژراون، ٤یان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، ٤یان لەلایەن ئەو پیاوەی لێی جیابوونەتەوە، ٣یان لەلایەن کەسێکەوە کە دەیانناسن، ٢یان لەلایەن هاوبەشەکانیانەوە، ١یان لەلایەن هاوبەشی پێشوویەوە، ١یان لەلایەن کوڕەکەیەوە، ١یان لەلایەن کەسێکەوە کە نەیناسیوە. لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ٢٤%ی ئەو ژنانەی کوژراون، لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون. تاوانباران بریتی بوون لە ها وژینەکانی ئێستا و پێشوو، کەسوکار، هاوبەشی ژیان، منداڵ و کەسانی نەناسراو. 

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی مانگی ئایاردا ٦٢%ی ژنان لەناو ماڵەکانیاندا کوژراون، ئەمەش تیشک دەخاتەسەر سەختی توندوتیژی خێزانی. دووپاتی کردەوە کە ١٣ ژن لەناو ماڵەکەدا کوژراون، ٣ ژن لە شەقام، ٢ لە شوێنی کار، ٢ لە شوێنە گشتییەکان کوژراون، هاوکات شوێنی کوشتنی ژنێک دەستنیشان نەکراوە. 

 

سەبارەت بە چەکی کوشتنیش، لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە ٦٢%ی ژنان بە چەکی ئاگرین کوژراون، هاوکات لە کوشتنی ٥ ژندا کەلوپەلی تیژ بەکارهێنراوە، ٢ ژنیش خنکێندراون، ژنێکیش لێی دراوە تا گیانی لەدەستداوە. ئەم ژمارانە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی ڕێوشوێنی یاسایی توند دەکەنەوە بۆ پاراستنی ژنان و بەهێزکردنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە مردنی گوماناوی. کوشتنی ژنان هێشتا قەیرانێکی بەردەوامە، داوای ڕێوشوێنی یاسایی توند و بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەکات بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەت