بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هاوایی ٣٨٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون

بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی دوورگەی ماوی، لیستی ٣٨٨ کەس بڵاوکراوەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی هاوایەوە گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی هاوای بڵاوی کردۆتەوە، لیستی ناوی ٣٨٨ کەس کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دوورگەی ماویەوە گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون ڕاگەیەندراوە.

 

به پێی ئه م ڕاپۆرته، به هۆی ئاگر و گەرمای زۆر تەرمی هەندێک کەس بوون بەخۆڵ و ڕەنگه بە​​شێکی زۆریان ناناسرێتەوه.

 

باس لەوەش کراوە کە ئەم ئاگرکەوتنەوە جگە لە گیانلەدەستدانی سەدان کەس، چەندین خانوو و دامەزراوەی وێران کردووە و بەپێی خەمڵاندنی پەیمانگای موودی ئاماری ئەو زیانانە، کە سەروەت و سامانی پیشەسازی و نیشتەجێبوون و بازرگانی و ئۆتۆمبێل و ژێرخانی دەگرێتەوە ، بە چوار بۆ شەش ملیار دۆلار مەزەندە کراوە.

 

هەروەها زۆرترین زیان بە شاری مێژوویی لاهەینا کەوتووە و زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ هێکتار زەوی سووتاوە و لانیکەم دوو هەزار و ٢٠٠ باڵەخانە وێران بووە.

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوە، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ئاگرکەوتنەوە لە دوورگەی مانوی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی گەرما ڕوویدا، کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە بووە لە ئەمریکا.