وڵاتانی دراوسێ هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانن لە عێراق

کەمی ئاو و وشکەساڵی هاووڵاتیانی عێراقی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە، وێڕای هۆکارە ژینگەیی و مرۆییەکان, سیاسەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن، لە تەواوی جیهان عێراق و ٤٢ وڵاتی دیکە بە دەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنن، ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە لەوانە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، پیشەسازیی، گۆڕانی كەشوهەوا و خراپی شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو.

 

وێڕای هۆکارە ژینگەیی مرۆییەکان کە بوونەتە هۆکاری کەمی ئاو و وشکەساڵی لە عێراق، بەڵام سیاسەتی تینوکردنی عێراق لە لایەن وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا کاریگەرییەکی مەترسیداری لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی ناوچەکە هەبووە، چونكە دوڵەتی تورکیا ئاوی ڕووباری دیجلە و فوراتی گرتووەتەوە و ئێرانیش ئاوی زێی بچووکی کردووەتەوە ئەمەش زیانێكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵی وڵات گەیاندووە.

 

بەپێی ڕاپۆرت و توێژینەوە نێودەوڵەتییەكان، بە گشتی لە تەواوی وڵاتانی جیهان عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەرییان بەهۆی کەشوهەوا لەسەرە، عێراق و ٢٤ وڵاتی دیكە بە دەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنن، بە نزیكەین چوار ملیار كەس لەسەر زەوی ڕووبەڕووی فشاری كەم ئاوی دەبنەوە.

 

لە ئەگەری بەردەوامی سیاسەتی تینوکردنی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێ وەک کارتی فشار بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی وەك ئاڵوگۆڕكردنی نەوت لە بەرامبەر ئاو كە توركیا داوای دەكات، ئەوا عێراق لە لانكەی شارستانییەتەوە ڕەنگە بگۆڕێت بۆ بیابانێكی بێ بەرهەم و ڕووبارەکانی کە هەڵگری مێژووی دێرینی ناوچەکەن وشک ببن.

 

بەهۆی درووستکردنی دەیان بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، عێراق دووچاری وشکەساڵیی و کەمئاوییەکی سەخت بووەتەوە و کاریگەرییەکانی تەنگی بە هاوڵاتییانی عێراق هەڵچنیوە.