ژنانی زیاتر کێشەیان لەگەڵ نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانە هەیە

پێویستە چارەسەری هۆرمۆن پێشکەش بە زیاتری ئەو ژنانە بکرێت کە وەستانی سوڕی مانگانەیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی کەنەدا CMAJ بڵاوکراوەتەوە، پێویستە زیاتر ئەو ژنانەی کە بەدەست نیشانەکانی " لاوازکەر"ی وەستانی سوڕی مانگانەوە دەناڵێنن، بژاردەی چارەسەری هۆرمۆنییان پێشکەش بکرێت.

 

ژنانی تەمەن ٤٠ و ٥٠ ساڵان منداڵ پەروەردە دەکەن و دەتوانن لە لوتکەی پیشەکانیاندا بن لەکاتێکدا هەوڵدەدەن بە نیشانە بێزارکەرەکانەوە بژین، نیشانەکانی وەک، تێکچوونی خەو، بەرزی پلەی گەرما، توڕەبوون و کێشەی باری دەروونی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.

 

چارەسەری هۆرمۆنی وەستانی سوڕی مانگانە کە بە چارەسەری جێگرەوەی هۆرمۆن ناسراوە، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە پرسێکی مشتومڕاوی بووە، کاتێک توێژینەوەیەکی گەورە پەیوەندییەکی بە ڕێژەی بەرزی شێرپەنجەی مەمک و جەڵتەی مێشکەوە دەرخستووە.

 

بەڵام ئێستا زۆرێک لە پسپۆڕان دەڵێن ئەو توێژینەوەیە مەترسییەکانی زیادەڕەوی کردووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە ژنانی سەروو ٦٠ ساڵەوە هەبووە، لە کاتێکدا مەترسییەکان بۆ ئەو حاڵەتانە بە هەر شێوەیەک بێت بەهۆی تەمەنەوە بەرز دەبنەوە.

 

پسپۆڕانی تەندروستی پێداچوونەوەیان بە توێژینەوە نوێیەکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە مەترسییەکان زۆر کەمترن بۆ ئەو ژنانەی تەمەنیان لە چل و پەنجادایە، بەتایبەتی ئەگەر چارەسەری هۆرمۆنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ یان کەمتر بەکاربهێنن.

 

بۆ ئەو ژنانەی تەمەنیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٥٩ ساڵدایە یان لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە دوایین سوڕی مانگانەوە دەست بە چارەسەری هۆرمۆنی دەکەن، مەترسی زیادەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە سێ حاڵەتی زیادە بۆ هەر هەزار ژنێک کە چارەسەری هۆرمۆنی وەستانی سوڕی مانگانەی تێکەڵاو بەکاردەهێنن بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەخەمڵێندرێت.

 

هەروەها لە پێداچوونەوەکەدا دەرکەوتووە کە مەترسی جەڵتەی مێشک بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار ٦٠ ساڵەوەیە کە چارەسەری هۆرمۆنی بەکاردەهێنن زۆر کەم بووە، توێژینەوەکە مەبەست لێی ئەوە نییە کە پێشنیاری ئەوە بکات کە هەموو ژنان پێویستە بچنە سەر چارەسەری هۆرمۆنی وەستانی سوڕی مانگانە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو زانیاریانە بدرێت بە دابینکەرانی چاودێری تەندروستی کە پێویستیانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بژاردەکان لەگەڵ نەخۆشەکان و هاوسەنگکردنی مەترسییەکان و سوودەکانی لەسەر بنەمای تاکەکەسی.

 

لە توێژینەوەکەدا هاتووە، چارەسەری هۆرمۆنی وەستانی سوڕی مانگانە تا لەسەدا ٩٠ کاریگەرە لە چارەسەرکردنی گەرما و کوالێتی خەو و باری دەروونی باشتر دەکات.