ژنانی ئەفغانستان ڕێگەیان پێنادرێت لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاربکەن

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە تاڵیبان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردەوە کە ژنە کارمەندە ئەفغانییەکانی ڕێگەیان پێنادرێت لەو وڵاتەدا لەگەڵیان کار بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە تاڵیبان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە ژنە کارمەندە ئەفغانییەکان ڕێگەیان پێنادرێت لەو وڵاتەدا لەگەڵیان کار بکەن.

 

لە نێوان ٤ هەزار کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، ٣٣٠٠ کەسیان خەڵکی ئەفغانین، لەنێویاندا نزیکەی ٤٠٠ ژنی ئەفغانی و ٢٠٠ کارمەندی ژنی نێودەوڵەتی هەیە.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ تاڵیبان کارەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان قەدەغە کرد، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە قەدەغەکردنەکە بەخشرا، لەو کاتەدا تاڵیبان ڕایگەیاندبوو، قەدەغەکردنەکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە ژنە کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان "حیجابێکی دروست"یان لەبەردا نەبووە، بەڵام ژنانی ئەفغانستان ڕەتی دەکەنەوە بە پڕوپاگەندەی دەسەڵاتی تاڵیبانی دادەنێن.

 

دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١، تاڵیبان سنووردارکردنی سەرکوتکەرانەی بەسەر ژناندا سەپاند، لەوانە قەدەغەکردنی کارکردنیان، چوونە قوتابخانەکانی قۆناغی ناوەندی یان زانکۆ، گەشتکردن بەبێ هاوەڵێکی پیاو بۆ مەودای دوور و چوون بۆ پارک و هۆڵەکانی وەرزشی گشتی بەهەمان شێوە لە ژنان قەدەغەکرا.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ٩ی شوبات بڵاوکرایەوە، ڕیچارد بێنت، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان، سنووردارکردنی تاڵیبانی بە هەوڵێک بۆ "سڕینەوەی ژنان لە هەموو سێکتەرە گشتییەکان" داناوە.

 

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە مانگی یەکدا بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاندبوو، قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی ئەفغانی لەلایەن تاڵیبانەوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکان لە ئەفغانستان خراپتر دەکات.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە قەدەغەکردنەکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ١١.٦ ملیۆن ژن کە لە ساڵی ٢٠٢٣ پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی دەبێت، هەروەها ٪٩٧ی دانیشتووان مەترسی ژیانیان لە هێڵی هەژاری لەسەرە.