هێرشکردنە سەر قوتابخانەکانی کچان لە ئێران بەردەوامی هەیە

لە درێژەی گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ژنان بۆ ڕێگریکردن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"،  لە ڕێگەی کیمیایی و ژەهراویکردنەوە چەندین قوتابخانەی دیکەی کچان دەکاتە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند قوتابخانە لە شارەکانی نەقدە، سنە، مازەندەران، تەبرێز، مەراغە، ئەردەبیل و تاران کرانە ئامانجی کیمیاباران و ژەهراویکردن.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی قوتابخانەی کچانی ژیلا لە سنە، قوتابخانەی ڕۆشەنگەری کچان لە شاری جەهانشاری کەرەج، قوتابخانەی عەجەبشیری کچان لە تەبرێز، قوتابخانەکانی شاری مەحمودئاباد لە پارێزگای مازەندەران، قوتابخانەی کچانی حەزرەتی مەعسومە لە نەقدە و قوتابخانەی بەهاران لە ئەردەبیل، بەکارهێنانی گازی نەناسراو ئامانجی هێرشەکان بوون و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان ژەهراوی بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

ژەهراویکردنی خوێندکاران لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عەلی خامنەیی هێرشی توندی کردە سەر ژنانی ڕێبەرانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ئەم دواییە، لە وتەیەکیدا ئازادی لە جۆری جل پۆشین و دژایەتیکردنی حیجابی زۆرەملێی بۆ دوژمنان گەڕاندەوە و ڕایگەیاند کە حیجاب شەریعەتی هەیە و سنووردارکردنی یاسایی هەیە و ئاشکراکردنی حیجاب حەرامی شەریعەت و سیاسییە.

 

هەروەها ئیمامەکانی هەینی لە شارە جیاجیاکان داوای مامەڵەی توندوتیژیان بەرامبەر بە ئەو ژنانە کرد کە دژایەتی حیجابی زۆرەملێ دەکەن و دەیانەوێت کۆمەڵگە دابەش بکەن بۆ ئەوەی بەم شێوەیە بتوانن ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییە سەرکوت بکەن کە لە سەرکردایەتی ژنانەوە دەستی پێکردووە.

 

ئێستا بە میتۆدێکی سیستماتیک و پەیڕەوکردنی قسەکانی عەلی خامنەیی، ژیانی قوتابیانی کچ لە قوتابخانەکاندا ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆریان دەبنە قوربانی ئەم سیاسەتە ژنکوژە  ڕادیکاڵ و توندڕەوانەی ڕژێمی ئێران لەلایەن هێزەکانی سیستەمی دەسەڵاتدار.