پەروین بوڵدان: ئێمە سازش لەسەر نوێنەرایەتی یەکسان ناکەین

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کردنەوەی یەکەم نووسینگەی هەڵبژاردنی ژنانی ڕێکخراوی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد قسەی کرد و ڕایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا نوێنەرایەتی یەکسانیان لە پەرلەمان دەبێت.

ئامەد

 

ڕێکخستنی پارتی چەپی سەوزی ئامەد بە بەشداریی هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، پەروین بوڵدان، نووسینگەی هەڵبژاردنی ژنانی لە گەڕەکی پێاس دیکلێنت کردەوە، نووسینگەی هەڵبژاردنەکان بە ئاڵای پارتی چەپی سەوز ڕازێنرابووەوە، جگە لە دروشمی "ئێمە لێرەین، لەگەڵ ژنان گۆڕان دەکەین" و "ژن، ژیان، ئازادی"، لافیتەیەک کە وێنەی ناگیهان ئاکارسەل و ژینا ئەمینی لەسەر بوو هەڵواسرابوو.

 

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەیدا هەریەک لە بزووتنەوەی ژنانی ئازاد-TJA، دایکانی ئاشتی، مەجلیسی ژنانی هەدەپە، هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد گوڵستان ئەتاسۆی، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا، کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی -OHD، پەرلەمانتارانی هەدەپە فەلەکناس ئۆجا، ڕەمزیە تۆسون و دەرسیم داگ و هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد سەلچوک میزراکلی زەینەب میزراکلی و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ئامادەبوون.

ژنان بە جلوبەرگی کلتووری خۆیانەوە بەشداریان لە کردنەوەی نووسینگەکەدا کرد، بە گۆرانییەکانی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز هەڵدەپەڕین و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە.

 

پینار ساکیک تەکین، وتەبێژی پارتی چەپی سەوزی ئامەد، لە میانەی کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردنەکان وتی: " ئەم نوسینگەیە دەکەینەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژیان لە دژی مردن، ئێمە بە قەڵەمی ناگیهان کە بەهۆی قەڵەمەکەیەوە کوژرا، مێژوو دەنووسینەوە".

 

"لە ١٤ی ئایاردا لەگەڵ ژنان دێین بۆ گۆڕانکاری"

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی سەوز قسەی کرد و وتارەکەی بە سڵاوکردن لە ژنە زیندانییە سیاسییەکان دەستپێکرد و وتی: " ئێمە لە ١٤ ئایار دێین بۆ گۆڕانکاری کردن لەگەڵ ژنان، دەسەڵاتی ٢٢ ساڵەی ئاکەپە جگە لە توندوتیژی و شەڕ و هەژاری هیچی تری نەبەخشیووە و ژنانیش لە دژی ئەمە دەجەنگن."

 

 بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: " لە ١٤ی ئایاردا دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ شکستپێهێنانی ئەم حکومەتە دەسەڵاتخواز و پیاوسالارە، ئێمە بە دیالۆگ و دانوستان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، کۆتایی بە گۆشەگیری لەسەر  ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەهێنین و ئێمە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی" دێینە مەیدان."

 

" بە هێزی ژنەوە هەنگاو دەنێین"

هەروەها پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە سەرنجی بۆ گەمارۆدانی پۆلیس لە دەوری نووسینگەی هەڵبژاردن ڕاکێشا و وتی: " ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی نووسینگەی هەڵبژاردنمان بۆ ژنان بکەینەوە، بەڵام دەبینین وەک هەمیشە ئاستەنگ و پیلانگێڕی هەیە و ئەو خەڵکەی لێرە کۆبوونەتەوە بۆ کردنەوەی ئەم نووسینگەی هەڵبژاردنە هەوڵی تێکدانی دەدەن، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەین، ئەم نووسینگەی ژنانمان وەک یەکەم ئۆفیسی پارتی چەپی سەوز دەکرێتەوە، باوەڕم وایە ئەم فەرمانگەیە ڕۆڵی خۆی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دەگێڕێت، ئەم شوێنە بەهێز دەبێت لەگەڵ ژنان، ئێمە دەزانین ئەم حکومەتە دوژمنی ژن و کوردە، بەڵام ژنەکان بە هێزی خۆیان شکست بە دەسەڵات دەهێنن".

 

" ڕێگە بە ساختەکاری و نایاسایی نادەین"

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، نووسینگەکانیان پڕدەکەنەوە بە دروشمی "ژن، ئازادی و ئازادی" و وتی: " لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا هیچ دڕندەیییەک بەرامبەر بە ژنانی گەلی تورکیا و کورد نییە کە ئەوان نەیانکردبێت، ئێمە لە ١٤ی ئایار وەڵامی ئەم حکومەتە ستەمکارە دەدەینەوە، ئێمە دەزانین کە ئەوان لە ئێمە دەترسن، دەزانین کە ئەوان لە ئێمەی ژنان دەترسن، بەڵام با بترسن، ئێمە دڵخۆشین".

 

پەروین بوڵدان سەرنجی بۆ ئامادەکارییەکانی ژنان بۆ هەڵبژاردن ڕاکێشا و بەم شێوەیەی خوارەوە وتی: " بۆ ئەوەی لە ١٤ ئایاردا جارێکی دیکە سەربکەوین و ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار لە پەرلەمان بەدەستبهێنین، حکومەت هەموو جۆرە فێڵ و نایاسایییەک دەکات بۆئەوەی ڕێگریمان لێبکات، بەڵام ئێمە ڕێگە بەم کارە نادەین."

 

" ژنان پێویستیان بە قومێک ئاو و چادرێکە کە تیایدا بژین"

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ناوچە بوومەلەرزەییەکان و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "زۆربەی ئێمەی ژنان دەزانین وڵات لە چ دۆخێکدایە، ئەمەمان لە کاتی پەتای کۆرۆنا و هەروەها  لە کارەساتە سروشتییەکاندا بینیووە، لە هەموو جۆرە کارەساتێکی سروشتیدا ژنان قوربانی یەکەمن، لە هاتای، سەمسور، ڕەحا و ئامەد، لە هەموو ئەو شوێنانەی کە بوومەلەرزەکەی لێ ڕوویداوە، ژنان بوونەتە قوربانی و ڕێگریان لە گەیشتنی ئەو بە کەسوکاریان دەکرا و پێویستیان بە بوتڵێک ئاو و چادرێک بوو کە تیایدا بژین."

 

وتیشی: " ئێستا کارەساتێکی تریان دروست کردووە، کارەساتێکی ئابووری کە ئیتر کەس ناتوانێت بچێت بۆ بازاڕکردن، منداڵەکانمان بە برسێتی دەچنە قوتابخانە، هەر بۆیە لە ١٤ ئایار لەسەر سندووقەکانی دەنگدان جارێکی تر ئازارەکانی بوومەلەرزەیان بیر دەخەینەوە، با هەمووان بزانن کە ئێمە دەستبەرداری نوێنەرایەتی یەکسان نابین، با ڕێگامان کراوە بێت. "

لە میانەی وتارەکەی پەروین بوڵدان، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دوای وتارەکان، نووسینگەی هەڵبژاردنی ژنان بە چەپڵە لێدان کرایەوە.