ڕێپێوانی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان بوونەوە

ڕێپێوانی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" کە بۆ یادی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەستی پێکردبوو، کۆتایی هات، ئەو ژمارە زۆرەی بەشداربووان کە ڕێگرییان لێکرابوو بچنە ئامارا، ڕێگای ڕەحا-دیلۆکیان داخست و بە دروشم ئاهەنگی ٤ی نیسانیان گێڕا.

ڕەحا

 

بە سەرپەرشتی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد-تژا، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک-کەجەدە، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پاڵپشتی یاسا لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان بۆ یادی ٧٤ ساڵەی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گوندی ئامارای خەلفەتییە بە دروشمی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" ئەو ڕێپێوانەی کە دەستی پێکرد کۆتایی هات.

 

هەزاران هاوڵاتی لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە بەرەو ئامارا بەڕێکەوتن، بەشداربووان سەرباری هەموو ئاستەنگییەکان لە چوارڕیانی پەیاملی کۆبوونەوە و لێدوانێکیان دا، دوای لێدوانەکەش بەرەو ئامارا بەڕێکەوتن.

 

ئەو جەماوەرە کە دەیانویست بە کاروانێکەوە بچنە ئامارا، لەلایەن جەندرمەکانەوە ڕێگرییان لێکرا بچنە ناوچەی یانالۆبای شارۆچکەی پیرسوس، جەندرمەکان بەهۆی قەدەغەکردنی پارێزگارەوە ڕێگەیان نەدا ئەو جەماوەرە بچنە ناو ئاماراوە.

 

لەسەر ئەمە جەماوەرەکە ڕێگایان لە ئۆتۆمبێلەکان گرت و دایانخست، ئەو جەماوەرە کە بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجالان هاتبوون، دروشمیان دەوتەوە و دروشمەکانیان بەرزکردەوە.

 

دوای ماوەیەک لە داخستنی ڕێگای ئۆتۆمبیلەکان لەلایەن بەشداربووانی ڕێپێوانە جەماوەرییەکە، ڕێگایان بۆ هاتوچۆ کردەوە و کۆتاییان بە ڕێپێوانەکەیان هێنا.