بەرپرسی ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیداوە کە پشتگیری لە میراتی دەوڵەمەندی عێراق بکات

ساڵانێک لە شەڕ و ململانێکان کاریگەری لەسەر گەنجینەی میزۆپۆتامیا و شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ناوچەکە هەبووە کە شەش شوێنی میراتی جیهانی یونسکۆی تێدایە، بەرپرسی ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڵێنی بەردەوامی نۆژەنکردنەوەیانی داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە بەڵێنی پشتگیریداوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە میراتی کەلەپووری و مێژوویی وڵاتەکە دەوڵەمەندی بەهۆی ململانێکانەوە وێران بووە.

 

ساڵانێک لە شەڕ و ململانێکان کاریگەری لەسەر گەنجینەی میزۆپۆتامیا و شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ناوچەکە هەبووە کە شەش شوێنی میراتی جیهانی یونسکۆی تێدایە.

 

عێراق لانکەی شارستانیەتەکانە، کە نووسین و شارە سەرەتاییەکانی لێیەوە سەریهەڵداوە، بەڵام دەیان ساڵ نائارامی زیانی بە چەندین گەنجینەی کولتووری بەنرخ گەیاندووە یاخود سڕاونەتەوە.

 

سەرۆکی ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانێکیدا بۆ شەقامی موتەنەبی لە بەغدا ڕایگەیاندووە، عێراق مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، خاوەنی گەنجینە و سامانێکی دەوڵەمەندە لە کەلەپووری دێرین و شوێنەوارە دێرینەکان، هەر بۆیە لەلایەن گروپە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانەوە چەندین کەلوپەلی کۆن و مێژوویی بە شێوەیەکی بەرفراوان تاڵان کراوە، زۆرجار چەندین گەنجینەی مۆزەخانەی نیشتمانی لە بەغدای پایتەخت دزراون.

 

جەنگ و ململانێ و کاولکارییەکان بەردەوام کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە، تەنانەت شەقامی موتەنەبی کە ناوەندێکی ژیانی فیکرییە و چەندین جۆری کتێبی جیاوازی تێدایە، لە ئازاری شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە بێبەش نەبووە، لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٧ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی خۆکوژی لەوێ تەقیەوە و بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و ٦٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.