بڕینی دارستانەکان لە بەرازیل بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە

بڕینی دارستانەکان لە بەشی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن لە بەرازیل لە مانگی شوباتدا بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بە بەراورد بە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٪٦٢ زیادیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

داتا نوێیەکان دەریانخستووە کە بڕینی دارستانەکان لە بەشی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن لە بەرازیل لە مانگی شوباتدا بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا ئیدارەی سەرۆک لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵانێک لە وێرانکارییە بەرفراوانەکان.

 

بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی نیشتمانی کە ڕۆژی هەینی بڵاوکراونەتەوە، بە پێی چاودێریکردنی مانگە دەستکردەکان لە مانگی ڕابردوو، ٣٢٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕووپۆشی دارستانەکانی لە ناوچەی ئەمازۆنی بەرازیل وێران بووە، کە ئەمەش بە ڕێژەی ٦٢٪ زیادیکردووە لە چاو ژمارەی پێوانەیی پێشووی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢.

 

لە ناوچەی سێرادۆ کە پلەکانی گەرما تیایدا بەرز و زیندووە لە باشووری ئەمازۆن، مانگە دەستکردەکان ٥٥٨  کیلۆمەتر چوارگۆشەیان دەستنیشان کردووە، داتاکان دەریخستووە کە بە بەراورد بە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٩٩٪ زیادی کردووە و نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە ژمارەی پێوانەیی پێشوو کە ٢٨٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە بە بەراورد بە شوباتی ساڵی ٢٠٢٠.

 

بەرزبوونەوەی وێرانکارییەکان جەختی لەسەر ئەو سەختییانە کردووەتەوە کە سەرۆکی نوێی بەڕازیل  کە بە لولا ناسراوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە چارەسەرکردنی ئەو دارستانبڕینە بەربڵاوەی کە لە سەردەمی سەرۆکەکەی پێش خۆیدا، جایر بۆلسۆنارۆ، گەشەی کردووە.

 

چوار ساڵی سەرۆکایەتی بۆلسۆنارۆ بە تێکڕا ساڵانە دارستانبڕین لە ئەمازۆنی بەڕازیل بە بەراورد بە دەیەی پێشوو بە ڕێژەی ٧٥٪ زیادی کردووە.

 

ئەم پرسە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتی بووە، چونکە سەدان ملیار دار کە کاربۆن هەڵدەمژن لە ئەمازۆندا، ڕێگەیەکی گرنگ پێشکەشدەکەن لە شەڕی جیهانی دژی گۆڕانی کەشوهەوا.