خوێندنی ئۆنلاین بۆ خوێندکارانی زانکۆکانی ئۆکرانیا سودبەخش نابێت

خوێندکارەکانی بەشی پزیشکی هیندستان کە لە وڵاتی ئۆکرانیا دەیانخوێند لە ئێستادا گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و داوای چارەسەری دەکەن و دەڵێن خوێندنی ئۆنلاین بۆ ئەوان سوودبەخش نابێت.

ناوەندی هەواڵ

نادڵنیایی هێشتا لە سەر پیشەی هەزاران خوێندکاری پزیشکی هیندی هەیە کە لە جەنگی ئۆکرانیا ڕزگاریان بووە، ئەوان هێشتا چاوەڕێی چارەسەرێکی بنەڕەتی دەکەن کە بتوانێت بژاردەیەکیان بداتێ لە زانکۆیەکی دیکەی ئەوروپا بخوێنن.

کاتێک شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستی پێکرد، هیندستان یەکێک بوو لەو وڵاتەی کە ژمارەیەکی زۆری خوێندکاری لە زانکۆکانی ئۆکرانیا دەیانخوێند و هەوڵیدا بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی هەزاران خوێندکاری پزیشکی هیندی کە زۆربەیان لە شارەکانی وەک خارکیڤ لە ناو سەنگەرەکانی شەڕدا بەجێمابوون.

 حکومەتی هیندستان ئەو خوێندکارانەی هێنایەوە ماڵەوە دوای سەدان ڕۆژ لە هەڵگیرسانی شەڕ، ئێستا ئەو خوێندکارانە بە پەرۆشەوە دەڕواننە حکومەتی ناوەندی و وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و لیژنەی پزیشکی نەتەوەیی و داوادەکەن بارودۆخیان چارەسەربکرێت چونکە لە ئێستادا دابڕاون لە خوێندنەکەیان و دەڵێن بۆ بەشە زانستییەکان خوێندنی ئۆنلاین سودبەخش نابێت.

لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا چەندین حکومەتی وەک: تەلانگانا و ئۆدیشا و بەنگالی ڕۆژئاوا و ژارخاند نامەیان بۆ حکومەتی ناوەندی نووسیوە و داوایان لێکردووە سیاسەتێک دابنێن کە بتوانێت دڵنیابێت لەبەردەوامبوونی خوێندنی خوێندکارانی پزیشکی، هەروەها ئێن ئێم سی ڕێگەی بە دەرچووانی پزیشکی ئۆکرانیا دا بۆ تەواوکردنی ١٢ مانگی خوێندن و توێژینەوەیان لە هیندستان.

بەپێی داتاکان کۆمەڵەی دایک و باوکان نزیکەی ١٨ هەزار خوێندکاری پزیشکی هیندیان لەئۆکرانیا ڕزگارکردووە، کە نزیکەی ٣ هەزاریان خوێندکاری ساڵی کۆتایین کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕوانامەکانیان پێدەبەخشرێت، و نزیکەی ٢ هەزار لەو خوێندکارانە بەدوای مۆڵەتی گواستنەوەی ڕاستەوخۆدان بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و نایانەوێت لە زانکۆ پزیشکییەکانی هیندستان درێژە بەخوێندنەکەیان بدەن، لە کاتێکدا بەشێک لە دایک و باوکەکان داوایان لە حکومەتی هیندستان کردووە کە ڕێگەبدەن خوێندکارەکان لەناو زانکۆکانی وڵاتەکەدا درێژە بەبەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان بدەن.