خوێندکارێکی زانکۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
ئێوارەی دوێنێ ژنێکی گەنجی خوێندکار لە زانکۆی کۆمار، لە بەشە ناوخۆییەکەیاندا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، تا ئێستا هۆکاری خۆکوژییەکە نەزانراوە.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ ١٧ی تشرینی دووەم، خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی کۆماری شاری سلێمانی لە نهۆمی بینای بەشە ناوخۆییەکەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە تیمەکانیان ئاگادارکراونەتەوە لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوە و کاتێک تیمەکانیان گەشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوتووە خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی ھەواری زانکۆ کە بەشی ناوخۆیی کچان بووە کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرا دەربارەی ناسنامەی خوێدکارەکە دەڵێت ناوی "د. ف. ح" و تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی خانەقینە.
لاپەڕەی فەرمیی زانکۆی کۆمار دەربارەی ڕووداوەکەوە لە بڵاوکراوەیەکیدا هاتووە "بەداخەوە هەواڵی مەرگی فێرخوازمان لە بەشی پزیشکی ددان (د. ف. ح) ڕادەگەیەنین کە بە کارەساتێکی دڵتەزێن ماڵئاوایی لێکردین و بەناوی سەرۆکایەتیی زانکۆ و سەرجەم مامۆستایان و کارمەندان و فێرخوازان پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خزمان و هاوڕێیانی دەکەین".
تا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو خوێندکارە نەزانراوە.
ت.پ