خوێندکارانی خۆپیشاندەر لە هەڵەبجە مۆڵەت بە حکومەت دەدەن

هەرچەندە داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراوە بەڵام خوێندکارانی خۆپیشاندەری هەڵەبجە کۆتاییان بە خۆپیشاندەکان هێناو مۆڵەت دەدەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراوە بەڵام خوێندکارانی خۆپیشاندەری هەڵەبجە کۆتاییان بە خۆپیشاندەکان هێناو مۆڵەت دەدەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەڵەبجە

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٣ی کانوونی یەکەم لە بەردەم کۆلیژی پۆلەتەکنیکی هەڵەبجە خوێندکاران سەرەڕای ئەوەی کە داخوازییەکانیان جێبەجێنەکراوە بەڵام لە بەیاننامەیەکدا مۆڵەت بە حکومەت دەدەن و کۆتایی بە گردبوونەوەکانیان دەهێنن.

 

ژاڵە ئەفراسیاو خوێندکاری قۆناغی چواری بەشی تاقیگەو زانستی خۆراک بۆ ئاژانسی نوژنها دواو وتی: "ئێمە سەرەڕای ئەوەی داخوازیەکانمان فراوان بوو بەڵام پەیاممان بەهۆی ئەو شەپۆلە داواکارییە بوو کە داوای دەرەماڵەکانمان بکەین، بەهۆی ئەوەی کە پشگیری نەکراین لەلایەن حکومەتەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان دەهێنین، ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی گرانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار سەرجەم خوێندکاران قورساییان لەسەرە.

 

"نەبوونی ئامێر وایکرد زیاتر جەخت بکەینەوە لە داواکارییەکانمان"

ژاڵە باس لەوەش دەکات کە ئەوان تینووی زانست و پەروەردەن و پێیان ناخۆشە کە هۆڵەکانی خوێندنیان بە جێهێشتوە بەڵام ناچارن چونکە ئەو ئامێرەی کە بۆ پشکنین بەکاری دەهێنن بۆ هەر کاتژمێرێک ٥٠ دۆلار دەکەوێت، وتی: "ئێمە مامۆستاکانمان دەڵێن پارەتان بۆ دەدەین بەڵام ئێمە قبوڵی ناکەین ئەو زەختە بخەینە سەر مامۆستایان، بۆیە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانمان دەهێنین تاوەکو حکومەت بێت بەدەم داواکانمانەوە".

 

"ماوەیەکی دیاریکراو بە حکومەت دەبەخشین تاوەکو بێن بەدەم داواکانمانەوە"

خوێندکارانی کۆلیژی تەکنیکی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە مۆلەت بە حکومەت دەدەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، هاوڕێ ئەبووبەکر بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێ خاڵی خستە ڕوو کە حکومەت بۆیان جێبەجێ بکات، وەک پێدانی دەرەماڵە و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانیان و چارەسەرکردنی بیناو باڵەخانەکان، هەروەها کەمکردنەوەی کرێی پارالێل، دەشڵێت: "کە لە وڵاتی خۆمان دەخوێنین پێویست ناکات پارەی بەشە ناوخۆییەکان بدەین".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو پارەیەی لە خویندکاران وەردەگیرێت با بۆ داهاتی خۆیان نەبێت بەڵکو لە خزمەت خوێندکاراندا بێت.