خوێندکاران: ئەم دۆخەی ئەمڕؤی زیندانیان سبەی ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە

خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، دژ بە نادادپەروەری لە دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسانی بادیناندا گردبوونەوەیان ئەنجام دا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بەردەم کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک بە بەشداری خوێندکارانی ڕاگەیاندن، زانستە سیاسییەکان و بەشی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجامدرا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندکاران داوایان کرد سزای زیندانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان هەڵبوەشێتەوە.

ئەمیر والی، بەیاننامەی خوێندکارانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو "داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین لە ئاست ئەم زەبر و ناڕەوایەتییەدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت، ئەگەر نا ئەم دۆخەی ئێستا چالاکوانانی زیندانکراوی تێدایە ڕۆژێک دێت ڕوبەڕووی هەمومان دەبێتەوە".

هەروەها داوایان ئاراستەی دادوەران و یاساناسان کرد " هیوادارین فشار بکەن لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە تەمیزکردنەوەی ئەم کەیسەدا بتوانن بێلایەنبن و بڕیارێکی دادوەرانە و مرۆییانە بدەن، بۆ ئەوەی ئازادیخوازان ئازاد بکرێن و بە کەسوکاری خۆیان شادببنەوە".

 

بە وتنی دروشمی ئازادی بۆ ئازادیخوازان سەرشۆڕی بۆ ستەمکاران کۆتایی بە گردبوونەوەکە هات.

 

ت.پ