خولێک بۆ پاراستنی زمانی دایک بەرێوەدەچێت

ئەو ژنانەی بەهۆی دۆخی ژیانیانەوە دابڕاون لە خوێندن، لە ڕێگەی خولێکی فێرکردنەوە هەوڵی فێربوونی زمانی کوردی دەدەن و دەڵێن با ڕێگە بگرین لە لەناوچوونی زمانی دایکمان. دلال رمضان

ئەو ژنانەی بەهۆی دۆخی ژیانیانەوە دابڕاون لە خوێندن، لە ڕێگەی خولێکی فێرکردنەوە هەوڵی فێربوونی زمانی کوردی دەدەن و دەڵێن با ڕێگە بگرین لە لەناوچوونی زمانی دایکمان.

دلال رمضان 

 

كوبانی- بۆ ئەوەی ژنان و منداڵان زمانی دایکیان بیر نەچێتەوە و فێری ببن، ئەوقافی ژنانی ئازاد لە سوریا خولیان بۆ نەخوێندەواران کردەووە.

 

لە دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ جاریکی دیکە زمانی کوردی زیندوو کرایەوە بۆ ئەو مەبەستەش، ئەوقافی ژنانی ئازاد لە سوریا لە ٢٩ی ئابی ٢٠١٩ ناوەندی خۆی لە شاری کۆبانێ کردەووە، چەندین خولیان بۆ نەهێشتنی خوێندەواری و ئاشناکردنی ژنان بە زمانی کوردی دەستپێکرد، تا ئێستاش بەردەوامە.

بێریڤان جەلالی تەمەن ٢٨ ساڵ، مامۆستای زمانی کوردی لە ئەوقافی ژنانی ئازاد، بە ژنهای ڕاگەیاند "ئامانج لە کردنەوەی خولی خوێندەواری بۆ ژنان فێربوونی زمانی دایکیانە تا بتوانن بخوێننەوە و بنوسن"، تەمەنی ئەو ژنانەی بەشداریان لە خولەکەدا کردووە لە نێوان ١٦ بۆ ٣٥ ساڵدایە.

خولەکە لە دوو گروپ پێکدێت، هەر گروپەی ١٥ ژن لەخۆ دەگرێت، ڕۆژانە هەر گروپێک ماوەی کاتژمێرێک وانە دەخوێنن، بەشی زۆرینەشیان بەهۆی حەز و ئارەزوویان بۆ خوێندن کاتی زیاتر لە خولەکە بەسەردەبەن و پێداچوونەوە بە وانەکانیاندا دەکەن.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی کوردی لەدوای داواکردنی ئەو ژنانە هات، کە بەهۆی دۆخی ژیانیانەوە نەیانتوانیووە درێژە بە خوێندن بدەن، باسی لەوەشکرد قورسە فێرکردنیان بەتایبەت هەندێکیان ماوەی چەندین ساڵە دابڕاون لە خوێندن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنەکان خۆیان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ فێربوون.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو کەسێک مافی فێربوون و خوێندنی هەیە، خۆبەڕێوەبردنیش دەرفەتێکی باشی ڕەخساندووە تا زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی و لە مەترسی لەناوچون بیپارێزێت.

دەربارەی ئەو ژنانەی خاوەن بڕوانامەن و کاریان نییە، بێریڤان جەلال وتی"ناویان تۆمار دەکەین و هەرکاتێک لە بەشێکی خولەکە پێویستمان بە وانەبێژ هەبێت پێیان دەڵێین".

 

نەورۆز مستوی خەڵکی کۆبانێ، تەمەنی ٢٨ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، ئاماژەی بەوەکرد بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ خۆیان و منداڵەکانی سەردانی خولی فێربوونی زمانی کوردیان کردووە، هەرچەندە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیەکەی زۆر باشە بەڵام دەیەوێت زمانی کوردیەکەشی زیاتر بەهێز بکات بە تایبەت کە زمانی ڕەسەنی خۆیەتی.

ماوەی مانگ و نیوێکە نەورۆز بەشداری لە خولەکەدا کردووە، ڕۆژانە لە کاتژمێر نۆی بەیانییەوە سەردانی خولەکە دەکات.

نەورۆز داوا لە هەموو ژنان دەکات، هەوڵی فێربوونی زمانی دایک بدەن، تا لە ڕێگەی نەوەکانەوە پارێزگاری لە لەناوچوونی بکرێت، هەروەها دەستخۆشی خۆی بۆ ئەوقافی ژنانی ئازاد ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە.