"خوای گەورە ئەمساڵ خێرو خۆشی بە شنگال بەخشیوە"

مانگی نیسانە. لە هەموو شوێنێک گوڵ و گوڵستان هەیە. چیای شنگال، بە جوانی مانگی نیسان و ڕەنگەکانی بەهار، بۆتە شوێنی شادی و دڵخۆشی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی.

گوڵستان عەزیز

 

شنگال-هەشت دەروازەی ئاسمان لەسەر شاخ بێدەنگن
گوڵێک لەسەر گۆڕە بێ ناوەکان دەکرێتەوە،
ناوی بەهارە، بۆنەکەی بەرخۆدانە
چوار وەرزەکە دەگەڕێتەوە،
بەڵام بەهارێک هەیە تەنها لەسەر شاخ دەکرێتەوە،
تەنها لە دڵی ئازاددا دەکرێتەوە.
ژیان چییە؟
ڕێگایەک،
ڕێچارەیەک
ڕەنگە یادەوەرییەک بێت...
بەڵام بەردی گۆڕی ناو دڵی شاخ بە بێدەنگی بەرامبەر هەموو واتایەک هەڵدەستێت

 

لەگەڵ هاتنی بەهاردا هەموو شتێک لە چیای شنگالدا گوڵی کردووە، درەختەکان گوڵیان کردووە، گوڵی نیسان هەموو شتێکی ڕازاندووەتەوە و دەنگی باڵندە لە هەموو شوێنێکەوە دەبیسترێت، کەشوهەوا سارد نەماوە، بەڵام گەرمیش نییە. لەگەڵ هاتنی بەهار، ئێزدییەکان خۆیان لە ماڵ و حاڵی خۆیان فڕێداوەتە باوەشی سروشت، لە منداڵەوە تا داپیرەو باپیرە، هەموو خێزانەکان پێکەوە دەچنە سەیران، پێش ئەوەش ئامادەکارییەکی بەرچاو دەکەن. بێ ماندووبوون نییە. لە ماڵەکانیاندا خواردن ئامادە دەکەن، منداڵەکانیش یاری دەکەن.

 

کە گەیشتینە ئەوێ، سەدان خێزان پێشتر گەیشتبوون. هەندێک لە دایکە بەتەمەنەکان کۆبوونەوە و خەریکی گفتوگۆ بوون. هەندێک لە ژنە گەنجەکان بەیەکەوە دەگەڕان، هەندێکیان منداڵەکانیان هەڵگرتبوو، پێکەوە یارییان دەکرد.

 

دایە خەزاڵ بەرەکات و سێڤێ شەمۆ چوبوونە سەیران خەزال، سێڤێ، خۆخێ، شەمێ زۆربەی ناوی ئێزدییەکان دوور نین لە سروشت. خۆیان بە بەشێک لەو دەزانن. بە خاکەکەیانەوە گرێدراون، بە ئاوەکەیانەوە. ڕەنگە فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤ زۆرێک لە ئێزدییەکانی لە خاکەکەیان جیاکردبێتەوە و ژیانی ئێستایان هەڵوەشاندبێتەوە، بەڵام ئێستا زۆرێک لە ئێزدییەکان کە ماونەتەوە و ئەوانەی دوای فەرمانەکە گەڕاونەتەوە، جارێکی دیکە ژیانیان پێکەوە دەبەستنەوە.

 

دایە خەزال و سێڤێ قاچەکانیان درێژ کردبووەوەو خۆیان دابووە بەر خۆر، لەچکی سپییان لەسەر سەربوو. کەم ژنی بەساڵاچووی ئێزیدی هەیە کە ئەم لەچکە نەکەنە سەریان. وا دیارە هەرکەسێک لەچکێکیسپی لەسەر سەرە. بە پێکەنینەوە قسەیان لەگەڵ کردین.

 

دایە خەزال باسی جوانی بەهاری کردو وتی: ئەمساڵ خوای گەورە خێر و چاکەی پێبەخشیوین، هیوادارم خوای گەورە ئێزدییەکان سەرکەوتوو بکات و پێکەوە لە هەموو مەینەتی و ناخۆشییەک ڕزگارمان بکات و ئێزدییەکانی سەر زەوی بەجێ نەهێڵێت، خوای گەورە یەکڕیزی لە نێوان هەمووماندا دروست بکات.

 

ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆرەوە بەهار بەرەکەتدارە. دەیان کانیاو ئەمساڵ تەقینەوە. لەو شوێنەی ساڵی پار وتیان چیمەنەکە نەڕواوە، ئەمساڵ هەمووی سەوزە. ئەمساڵ گەنم و جۆ زۆر دەبێت.

 

هەروەها دایە سێڤێ هەزار نزای جوانی بۆ ئێمەی ئێزدی کردو ئێمەش بەو وشە جوانانە جێمانهێشتن.