خۆپیشاندانی پاڵپشتی لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

ئەمڕۆ سەرەڕای بەفرو سەرما، هاوڵاتیان لە شارو شارۆچکە جیاوازەکانی باشووری کوردستانەوە چوونە سەر شەقامەکان و پەیامیان دژی دەولەتانی داگیرکەر وتەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٣ی کانوونی دووەم، سەرەرای بارینی بەفرێکی زۆرو سەرما، هاوڵاتیانی باشووری کوردستان لە شارو شارۆچکە جیاوازەکانەوە کۆبوونەوەو بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر شەقامەکان بوون.

 

سلێمانی

لە سلێمانی هەروەک بانگەوازی بۆ کرابوو کە خۆپیشاندانی ملیۆنی و بە دروشمی "هەینی کەزی" بەڕێوەدەچێت، جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە توێژە جیاوازەکان و لە هەموو تەمەنەکان بە منداڵ و گەنج و بەتەمەنەوە لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی کۆبوونەوەو دەستیان بە ڕێپێوان کرد. 

 

هەولێر

هەروەها لە شاری هەولێر لە پاركی شار  توێژە جیاوازەكان بە مەبەستی پاڵپشتی ڕۆژئاوای كوردستان گردبونەوە و تێیدا هاوڵاتیان پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند، بەشداربوانی گردبونەوەكە دروشمی كوردستان یەك پارچەیە و بژی بەرخودانی كۆبانێیان دەوتەوە.

 

گەرمیان

هاوشانی ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان لەناو بازاڕی شارۆچکەی کەلار لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دژی هێرشی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەڕێوەچوو، هەزاران کەس لە ژنان، چالاکوانان، هاوڵاتییانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئاینی و چالاکوانانی سیاسیی بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد.

 

ڕاپەرین

توێە جیاوازەكانی شارۆچكەی حاجیاوا لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرینی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای كوردستان گردبوونەوە، گردبونەوەكە بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی ئاینی و توێژە جیاوازەكان بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو تێیدا هێرش و داگیركارییەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان شەرمەزاركرا.