خۆپیشاندانی بەرفراوانی "دووشەممەی یەکڕیزی" لە سلێمانی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ناوی "دووشەممەی یەکڕیزی" خۆپیشاندانیەکی بەرفراوان بەڕێوەچوو، کە تێیدا خەڵک و چالاکانی مەدەنی بۆ نوێکردنەوەی پاڵپشتیان بۆ ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی توندوتیژی کۆدەبنەوە.
سلێمانی
خۆپیشاندانی "دووشەممەی یەکڕیزی" کە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو بەردەوامی زنجیرەی چالاکییە مەدەنییەکانە کە لە ماوەی شەش ڕۆژدا لە شاری سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەچوون.
ئەم چالاکییە لەلایەن چەندین ڕێکخراو و چالاکوانی مەدەنی وەک وەڵامێک بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا ڕێکخراوە، بۆ ئەوەی دەنگی هاوبەشی خەڵک بگەیەنرێت بۆ جیهان و داوای پاراستنی مافە مرۆڤایەتییەکان و ڕاگرتنی هێرش و توندوتیژی بکرێت.
خۆپیشاندەران جەخت لەسەر یەکڕیزی، هاوبەشی نەتەوەیی و بەردەوامبوونی پشتگیرییان دەکەن، بە هیوای ئەوەی ئەم دەنگە گشتییە ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕان و هۆشیاری زیاتر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بە وتنەوەی دروشمە جیاوازەکانی یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە، بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و چەندین دروشمی دیکەو وتنەوەی سرود و مارشە نەتەواتتیەکان رێپێوان لە باخی گشتی بۆ شەقامی سالم و دواتر گەرانەوە بۆ باخی گشتی بەرێوە چوو.
خەندە محێدین، بەشداربووی خۆپشاندانی ڕۆژئاوای کوردستان وتی: ئێمەی هاوڵاتی لە باشووری کوردستاندا دەنگی کوردانی ڕۆژئاواین، شەڕڤانان و هاوڵاتیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستخۆشی بۆهاتنە سەر شەقامەکانی ئێمە دەکەن، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانیانەوە پێمان دەڵێن، مۆڕاڵیان بە خۆپشاندانەکانی ئێمە بەرزدەبێتەوە، ئەم چالاکیانە بەرز دەنرخێندرێت، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هێڵی ئینتەرنێت و کارەبایان لێ بڕاوە، خواردن و پێداویستییە مرۆییەکانیان بۆ ناگات، بۆیە دەنگیان ناگاتە جیهان، ئیمە لە ڕێگەی چالاکییەکانەوە دەنگی کورد و ڕۆژئاوای کوردستان دەگەیەنینە جیهان، هەریەک لە هاوڵاتیانی باشووری کوردستان پشتگیرییەکانیان دوپات دەکەنەوە، هەر هاوڵاتییەو بە شێوازێکی پشتگیری بەردەوامی بە چالاکییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەدات، پێویستە کوردان پشتی یەک بگرن.
لە کۆتای قسەکانیدا وتیشی: ساڵڕۆژی ئازادکردنی کۆبانێ لە هاوڵاتیانی شارەکە و شەرڤانان پیرۆز دەکەم، بە هیوام لە ئێستادا دووبارە لە جەنگ پاک بکرێتەوە، کۆبانێ سومبوولی ئازادی و بەرخۆدانە بۆ کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت.
مەهاباد حسێن،بەشداربووی خۆپشاندان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: پێویستە هەموو کوردێک پێکەوە برژێنە سەر شەقامەکان، بۆ پشتیووانی کردنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەردۆغان و ئەمریکای دڕندە هێرش بۆسەر کورد دەکەن، لە کاتێکدا ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و داگیرکاریمان نەکردووە، ئەو داعشانە لە کچە ئازاکانی ئێمە دەترسن، پرچی کچەکان دەبڕن لە کاتی شەهیدبونیشیان دەترسن هەڵیانەدەنە خوارەوە، دەزانن ژنان و شەرڤانان لەێ لەسەر خاکی خۆیان گیان بەخت دەکەن، ئێمە لەگەڵتانین لێرەوە پشتیوانی دەکەین، هەموو کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆی فیدای خاک دەکات، لەوەتەی کورد هەیە بەدەستی تورک دەکوژرێت خاکی داگیر دەکرێت، بەڵام ڕێگە بەو زوڵمە نادرێت خەبات لە پێناو خاک دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەو داعشانە کورد دەکوژن منداڵ و ژن دەکوژن لە کورد دەترسن، بۆیە دەبێت بڕژێینە سەر شەقامەکان تا بتوانین ڕێگری بکەین لەو داگیرکاریانە، لە ڕێگەی یەکبوونی کوردەوە دەنگمان بە جیهان بگەیەنین.