خۆپیشاندانەکانی ژنانی پۆلەندا بەردەوامە

هەزاران ژن لە پۆلەندا بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکان، پۆلیسیش بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکان گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگای دەستوریی وڵاتی پۆلەندا بڕیاریداوە، جگە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی، دووگیانبوون لە کەسانی نامەحرەم و مەترسی بۆ سەر گیانی دایکەکە، لەباربردنی منداڵ لە وڵاتدا قەدەغە بکرێت، لە لایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆکی کڵێسای پۆلەنداشەوە پێشوازی لە بڕیارەکە کراوە.

 

پێچەوانەی سەرۆک کۆماری پۆلەندا، ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی ئەو وڵاتە دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، چەند جارێکیش خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، لە ئێستاشدا ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژە هەزاران ژن لە مەیدانی دومۆڤسکی ڕۆمانی لە ناوەندی وارشۆی پایتەختی ئەو وڵاتە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوا دەکەن ئەو بڕیارەی دادگای دەستوریی پۆڵەندا هەڵبوەشێتەوە و لەباربردن بە یاسایی بکرێت.

 

دوێنێ ڕۆژی هەینی پۆلیسی وارشۆ بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان و نەچوونی خۆپیشاندەران بۆ بەردەم دادگای دەستوریی پۆڵەندا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، سەرەڕای توندوتیژییەکان تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.

 

ت.پ