خەڵکی بناری قەندیل: جگە لە ئیرادەی ئازاد و چیاکان پشت بە کەس نابەستین و ڕۆژئاوا تەنها نییە
لە دۆڵی سێوەیسی بناری قەندیل، کە وەک لانکەی بەرخۆدان دەناسرێت، گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا. لە گردبوونەوەکەدا هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سەر ژنان و منداڵان شەرمەزار کرا.
بناری قەندیل
لە ٢٢ی کانوونی دووەم، لە گوندی سێوەیسی سەر بە بناری قەندیل، بە بەشداری توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی پیلانگێڕی و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. گردبوونەوەکە بە درووشمی "دژی داگیرکەران" و بەرزڕاگرتنی گیانی بەرخۆدان دەستیپێکرد.
لەم گردبوونەوەیەدا، مامۆستا شوانە بایز، بە نوێنەرایەتی دانیشتوانی هەرێمی سێوەیس و بناری قەندیل، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر سیاسەتی قڕکردن کە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت.
"ڕۆژئاوا تەنها نییە و هێرش بۆ سەر ژنان و “منداڵان ئیدانە دەکەین"
لە وتارەکەدا بە توندی ئیدانەی بەئامانجگرتنی ژنان و منداڵان کرا لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەر و گروپە چەتەکانەوە. مامۆستا شوانە وتی: ئێمە وەک خەڵکی بناری قەندیل، کە هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووین لە خاک و کەرامەتی نەتەوەکەمان، لێرەوە هاوار دەکەین کە ڕۆژئاوا تەنها نییە. ئێمە ئامادەین بە گیان و خوێن پشتیوانی گەلی خۆمان بین و پیلانەکان پووچەڵ بکەینەوە.
"مێژوو سەلماندوویەتی دۆستمان نییە"
نوێنەری خەڵکی قەندیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەردەی لەسەر ڕووی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هەڵماڵی و وتی: کورد گەلێکی ئاشتیخواز بووە، بەڵام مێژوو سەلماندی کە دراوسێکانمان "عەرەب، تورک و فارس" سەرەڕای بانگەشەی برایەتی، درۆیان لەگەڵ کردین و خەنجەری خیانەتیان لێداین. بۆیە فێربووین جگە لە ئیرادەی خۆمان و چیا سەرکەشەکانمان، هیچ دۆست و پەنایەکمان نییە.
"پەیامی بەرخۆدان و نەترسان لە مەرگ"
بەشداربووان بە ورەیەکی بەرزەوە پەیامی ئەوەیان دا کە ترس لە فەرهەنگی ئەواندا بوونی نییە. لەوبارەیەوە جەخت کرایەوە: "با داگیرکەران باش بزانن، ڕۆڵەکانی قەندیل قەت لە مەرگ نەترساون، بەڵکو بە شانازییەوە پێشوازی لە هەر مەرگێک دەکەین کە لەپێناو پاراستنی نیشتمان و شکۆی نەتەوەکەماندا بێت.
گردبوونەوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "مەرگ بۆ داگیرکەران و خیانەتکاران" و سڵاو ناردن بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێهات.