بوشرا عەلی: بەبێ ئازادیی ژن ئازادیی گەلان مەحاڵە
بوشرا عەلی، ڕێکخەری گشتی هاوپەیمانی نادا، باسی لە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و وتی: بەبێ ئازادی ژنان ئازادی گەلان بەدەست نایەت، هاوکاری و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی ژنان لە ناوچەکەدا، خەباتی ژنان زیاتر بەهێزتر دەکات.
مالڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ- جیهان جەنگی جیهانی سێیەم بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بووەتە ناوەندی ئەم شەڕە فرە لایەنە کە تاکە لایەنی هاوبەشی ئەوەیە ژنان لە هەموو لایەکەوە دەکرێنە ئامانج.
بوشرا عەلی، ڕێکخەری گشتی هاوپەیمانی نادا، ڕایگەیاند کە جەنگی جیهانی سێیەم جیاوازییەکی بێهاوتای هەیە لەگەڵ دوو جەنگەکەی پێشوودا، چونکە ئەم جەنگە لە سەرەتادا وەک شەڕێکی سێکسی دژی ژنان ڕاگەیەندرا.
جەنگی جیهانی سێیەم لەسەر سەرچاوەی وزەیە
بوشرا عەلی دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی جیهانی سێیەمی وەها هەڵسەنگاند، "جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم شەڕی سەربازیی تەقلیدی نێوان سوپاکان بوون. بەڵام جەنگی جیهانی سێیەم فرەلایەنە، جەنگی بە وەکالەت بە سەربازە کەم تێچووەکان ئەنجام دەدرێت".
بوشرا عەلی سەرنجی بۆ لایەنەکانی ئەم شەڕە ئابوورییە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان شەڕ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە بەناوی چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکانەوە، و وتی: لەگەڵ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی نوێ، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان شەڕ سەرهەڵدەدەن، بەڵام خەبات بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی وزە و دوورکەوتنەوە لە ململانێ بەردەوامە.
"شەڕێکی ڕەگەزیی لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت"
بوشرا عەلی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم شەڕە شەڕێکی ڕەگەزیی شاراوەیشە دژی ژنان و وەبیری هێنایەوە کە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا بزووتنەوە جەماوەرییەکان بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیان پێکرد و بەردەوام بوون، وتیشی: لە بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا پێشەنگایەتی ژنان لە وڵاتانی وەک تونس، یەمەن، میسر، تورکیا و سوریا سەرنجی ڕاکێشاوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێزە تاکڕەوەکان هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ژنان دەدەن و بە ئاوارەیی و کوشتن و توندوتیژی دەیانکەنە ئامانج".
بوشرا عەلی ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەهۆی کاریگەریی عەقڵییەتی باڵادەستی پیاوانەوە پەراوێزخراون، هۆکاری ئەوەی پیاوان ئەوەندە دژایەتی ئازادی ژنان دەکەن، ئاستی هۆشیاری ژنانە، ژنان ئیتر وەک جاران ناڕێکخراو نین و زیاتر هۆشیار بوون. بزووتنەوەی ژنانی کورد بەتایبەتی خەباتێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە. شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوادا نموونەی ئەمەیە.
ڕۆڵی ژنان و هاوپەیمانی جیهانییان
بوشرا عەلی ئاماژەی بەوەدا کە پرسی ژنان بووەتە پرسێک کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، هاوپەیمانیی ژنانی ناوچەیی و جیهانیش ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا و وتی: بەبێ ئازادیی ژنان، ئازادی گەلان بەدەستنایەت، هاوکاری و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی ژنان لە ناوچەکەدا، خەباتی ژنان زیاتر بەهێزتر دەکات، خەباتی ژنان ئیلهام لە میراتی دەوڵەمەندی ژنانی ڕۆژهەڵات وەردەگرێت، پێویستە پەرە بە ئیدارەکانی خۆمان و میتۆدەکانمان بدەین، بەم شێوە سەربەخۆ و کاریگەرە بە ئامانجەکانمان دەگەین.