ژنانی شاری کۆبانی: تا کۆتایی بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین
ژنانی شاری کۆبانێ ڕایانگەیاند، ئەو کەسانەی کە بۆ پاراستنی خاک و و کارەبا و بەنداوەکەیان دەچنە سەر بەنداوی تشرین ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، جەختیان کردەوە، ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و تا کۆتایی بەنداوەکەمان دەپارێزین.
ئێلڤین محەمەد
کۆبانێ- لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتی بۆ سەر بەنداوی تشرین و قەرەقوزاخ بەردەوامە. خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی خاک و کارەبا و بەنداوەکەیان کۆبوونەتەوە و ڕۆژانە پارێزگاری لە بەنداوەکە دەکەن، کە بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە مەترسی ڕووخانی لەسەرە.
ژنانی شاری کۆبانێ کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و بڕینی ئاو و کارەبای ناوچەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە تا کۆتایی دەستکەوتەکانیان دەپارێزین.
"لە بەنداوی تشرین بەرخۆدانێکی گەورە هەیە"
واحیدە مستەفا کە لە ئێشکگری بەنداوی تشرین گەڕاوەتەوە، باسی لە بەرخۆدانی خەڵک لە بەنداوەکە کرد و وتی: نزیکەی ٥٠ ڕۆژە بەرخۆدانی گەورە لە بەنداوی تشرین هەیە، خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی بەنداوەکەیان لە دەوڵەتی تورکیا ئێشکگری دەکەن، هەر جارە و کانتۆنێک بۆ پاراستنی ئاو و کارەبای خۆی دەچێتە بەنداوەکە بۆ نۆبەتی ئێشکگری، کاتێک خەڵک لە ئەرکی پاراستندان دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەریان، خەڵکی مەدەنی دەکرێنە ئامانج و ڕۆژانە کۆمەڵکوژ دەکرێن، کە زۆرینەیان منداڵن.
"بەهۆی هێرشەکانەوە لە مەنبجەوە کۆچمان کرد بۆ کۆبانێ"
نەجمە ئیبراهیم بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کانتۆنی مەنبج کۆچیان کردووە بۆ کۆبانێ، باسی لەوەکرد، "لەبەر ئەوەی خاکەکەمان داگیرکرابوو، هاتین بۆ کۆبانێ و ڕوومان کردە بەنداوی تشرین بۆ پاراستنی ئاو و کارەبا بۆ خەڵکی مەدەنی، نزیکەی دوو مانگە ئاو و کارەبا پچڕاوە، خەڵکیش بێ ئاو و کارەبا ژیان بەسەر دەبەن، ئەمجارە کە خەڵک بۆ پاراستنی ئاو و کارەبای خۆیان دەچنە بەنداوەکە، دەوڵەتی تورکیا دەیانکاتە ئامانج و دەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لەدەستداوە، گەل بۆ پاراستنی بەنداوەکە دەچن و ئێشکگری دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە دەیانکاتە ئامانج، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خەڵک، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن. ئێمە بڕیارە بەنداوەکە بپارێزین. ئێمە دەڵێین تا کۆتایی دەستبەرداری خاکەکەمان نابین. ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین نەک هی کەسێکی تر. ئەم خاکە خاکی ئەم گەلەیە، هەر بۆیەش خاکی خۆمان دەپارێزین.