کورد، عەرەب، سووریانی و ئەرمەنییەکان دژی هێرشەکان ڕێپێوانیان کرد
بە دروشمی "دەوڵەتی تورکیا جینۆساید ئەنجام دەدات، جیهان بێدەنگ دەبێت"، پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سووریانی و ئەرمەنی لە حەسەکە دژی هێرشەکان ڕێپێوانیان کرد.
حەسەکە
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە. بەو هێرشانە دەوڵەتی تورک دەیان کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و دەیان هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون. پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سووریانی و ئەرمەنییەکان لە حەسەکە بە دروشمی "دەوڵەتی تورکیا جینۆساید دەکات، جییهان بێدەنگ دەبێت" دژی هێرشەکان ڕێپێوانیان کرد.
ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی کەڤۆکێ لە گەڕەکی موفتی تا چوارڕیانی شەهید سەرحەد بەردەوام بوو، تیایدا ئاڵا و دروشمی "نا بۆ کۆمەڵکوژی" نە بۆ بێدەنگی" بەرز کرانەوە.
"سووریای نوێ بە داگیرکاری قبوڵ ناکرێت"
دوای خولەکێک بێدەنگی، فەرحان داود، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لێدوانێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، "دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات، ڕۆژانە کۆمەڵکوژی لە دژی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێت و جیهان لە بەرامبەر ئەو کارانەدا بێدەنگە. سووریا بە پرۆسەیەکی هەستیار و نوێدا تێدەپەڕێت. ئەگەر ڕاستگۆ بین، سووریایەکی نوێ و دیموکراسی نابێت هێرش و داگیرکارییەکانی حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قبوڵ بکات، ئێمە سووریایەکمان دەوێت بۆ هەموو سوورییەکان. ئەگەر حکومەتی کاتی سووریا نەگەڕێتەوە بۆ سیستمی خۆبەڕێوەبەری، سووریا بەرەو قەیرانێکی قووڵتر دەڕوات.
لە کۆتایی قسەکانیدا هاوسەرۆکی پەیەدە وتیشی: داوا لە هەموو سوورییەکان دەکەین پاڵپشتی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە بکەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دژی هێرشەکان.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدان" کۆتایی هات.