خۆبەخشان و کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی لە هەڵەبجە گردبوونەوە

لە کاتێکدا کە نزیکەی ١٢ ساڵە دامەزراندن ڕاگیراوە، دامەزراندنی ١٠٠ فەرمانبەر بۆ کەرتی تەندروستی زاخۆ، کاردانەوەی لێکەوتووەتەوەو خۆبەخشان و کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی هەڵەبجە گردبوونەوە.

هەڵەبجە

لەگردبوونەوەکەدا بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشان و گرێبەستانی کەرتی تەندروستی هەڵەبجە، داواکرا هەرچی زووە بەدەم داواکاری خۆبەخشانەوە بچن، ئەگەر نا هەڵوێست وەردەگرن.

 

چنور عەبدوڵا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە وەک خۆبەخش لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە کاردەکات بۆ نوژنها دواو وتی: "ژمارەیەکی زۆری خۆبەخشەکان زیاتر لە ٥ ساڵە بۆشاییەکانی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجەمان پڕ کردووەتەوە، پێویستە  ئەو هەوڵانەمان لەبەرچاو بگیرێت کە لەماوەی ڕابردوودا خزمەتمان کردووە".

 

چنور باسی لەوەشکرد کە جیاوازی لە زۆنی سەوزو زەرد دەکرێت کە مەبەست لە زۆنی سەوز سلێمانییە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتییەو زۆنی زەرد هەولێرە لە ژێر دەسەڵاتی پارتییە، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا لە زاخۆ ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر دامەزراوەو ئەگەر دابەشبکرایە بەسەر هەر چوار پارێزگاکەدا ئەوا هەموو پشکی بەردەکەوت.

 

لە گردبوونەوەکەدا زۆربەی فەرمانبەران و کارمەندانی گرێبەست ئامادەبوون بۆ پشتگیری کردن لە خۆبەخشانی تەندروستی، باخان فەریح کە دەرچووی بەشی پەرستارییەو گرێبەستە لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە وتی: "ئەو کاتەی ئێمە وەک پەرستیار لەگەڵ نەخۆشدا بووین کەسوکاری نەخۆشەکان نەیانوێراوە لای نەخۆشەکان بن، لە ئێستاشدا داوای بە هەمیشەیی بونمان دەکەین و لەهەمانکاتیشدا پشتگیری خۆبەخشەکان دەکەین بۆ ئەوەی دابمەزرێن".