لە ساڵیادی دامەزراندنیدا گروپی خەیاڵی خانمان ڕیزلێنانی بەخشییە ئاژانسی نوژنها

بەهۆی چالاکییەکانی پەیامنێری ئاژانسی نوژنها میهرەبان سەلام کە بەشداری سەرەکی بووە لە ڕووماڵی کارەکانی گروپی خەیاڵی خانمان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ بەرواری ٨ی ئاب پێنجەمین ساڵیادی گروپی خەیاڵی خانمان لە ماڵی مەستورە بەڕێوەچوو، ئەم گروپە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و تیایدا نمایشی بەرهەمی دەستی ژنان دەکات.

 

گروپەکە پێکدێت لە کاری دەستی'جلوبەرگی چنراو، فۆلکلۆر، جوانکاری ناوماڵ، نەخشی خەنە، وێنەی دەموچاوی منداڵ، تابلۆ و خواردنە کوردەوارییەکان هەروەها شیرینی و چەندەها بابەتی دیکە'.

 

ئەم گروپە لە هەموو بۆنەیەکی تایبەتی و کوردەواری و تایبەت بە ژنان بەشدارن و تیایدا ژنان بەرهەمەکانی خۆیان نمایش دەکەن، جگە لەوە ئەم گروپە لە ساڵیادی دامەزراندنیان خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشنە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەو شوێنانەی هاوکاریان بوون بەتایبەت ئەو دەزگایانەی بە ڕاستی تواناکانی ژنان دەردەخەن.

 

سروە عوسمان، سەرپەرشتیاری گروپی خەیاڵی خانمان، وتی "خەڵاتی ڕێزلێنانەکان نەک تەنها بۆ سنوری بشاری سلێمانییە بەڵکو بۆ شارو شارۆچکەکانی شاری سلێمانیشە لەوانە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ژن میهرەبان سەلام، کە لە سەرجەم پێشانگاکانماندا بەشدار بووە و ڕووماڵی کارەکانی کردووین".

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، دەستخۆشی لە تەواوی ڕاگەیاندنەکان دەکەن بەتایبەت ئاژانسی نوژنها چونکە تەواو دەنگی ڕاستی ژنان و تواناکانیان دەردەخەن.