سووریا لە ژێر کاریگەری دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیایە

بەنداوەکانی تورکیا بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی ئاو لە سووریا، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش سامانی ماسی لەو وڵاتە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

سووریا بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەوە زیاتر نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە، وێڕای ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادایە لە گەرمای هاوینەوە تا وشکەساڵی درێژخایەن، زیاتر لە دە ساڵ بەرگەی شەڕی ناوخۆی گرتووە، شارۆچکەی ڕەققە ناوەندی "خەلافەت"ی گروپی داعش بووە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ناوچوون.

 

ڕووباری فورات، شارستانییەتە سەرەتاییەکانی جیهان تێیدا گەشەی کردووە، کەوتووەتە ژێر کاریگەری دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیاوە، هاوکات ماسیگرەکان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ناوچەکە و پیسبوونی، زەرەرمەندی سەرەکی لە ناوچوونی سامانی ماسی ناو ڕووبار و دەریاچەکانن.

 

ئێستا ماسیگرەکان کەمتر ٪٥ ی ماسی پێشووتریان دەستدەکەوێت، هەر بۆیە ناچاربوون بە دوای کاری دیکەدا بگەڕێن و لە ماسیگرتن نا ئومێدبوون.

 

ڕووباری فورات درێژییەکی  نزیکەی دوو هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەترە، بەناو تورکیا، سوریا و عێراقدا تێدەپەڕێت و لەوێشدا دەچێتە ناو دەریاوە، لە سنووری تورکیاوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڕژێت، بۆ ئاودێری کردنی ناوچە کشتوکاڵییەکان، ئاوی سێ بەنداوی کارەبای ئاویی سوودی لیدەبینرێت کە ئاوی خواردنەوە و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکەن.

 

دەریاچەی ئەسەد گەورەترین خەزانە کە بە درێژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە ئاستی ئاوەکەی چوار مەتر دابەزیووە، هەر بۆیە مەترسی لەناوچوونی زیندەوەرە دەریاییەکان بە درێژایی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پارێزگای ڕەققە لە ساڵی ڕابردوودا تەنها ٢٠٨ ملیمەتر باران لە مانگێکدا باریووە.

 

تیمێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە سەردانی دەریاچەی ئەسەدیان کردووە، ڕووبەرێکی فراوانی قەوزەیان بینیووە، شارەزایان ئاماژەیان بەوەکردووە، قەوزەکان نیشانەی پیسبوونی ئاوە، کە ئۆکسجین لە ئاوەکە دەمژێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیندەوەرە ئاوییەکان.

 

ئێستا گەورەترین ماسیفرۆشی ڕەققە بەهۆی وشکەساڵی، کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ٢٠٠ کیلۆگرام زیاتر ماسی نیە بۆ فرۆشتن، لە کاتێکدا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام لە بازاڕدا دەستناکەوێت.